ڕۆژنامەنووس ک . د : سەبارەت بەکوردستانی ڕۆژئاوا بۆچوونەکانی دەخاتە ڕوو

  English    -   Deutsch  -  kurdi   -    كوردی   -   فارسی                                                        

ڕۆژنامەنووس ک . د : سەبارەت بەکوردستانی ڕۆژئاوا بۆچوونەکانی دەخاتە ڕوو پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی

دوای گەڕانەوەی لە کوردستانی ڕۆژئاوا ماڵپەڕی فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان ئەم دیدارەی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی سوێدی ک . د ،ئەنجامدا .

 

سازدانی: فوئاد زیندانی

فیدراسیۆن : بەڕێزتان سەردانی کوردستانی ڕۆژئاواتان کردبوو ، دەتوانی پێمان بڵێی کەی سەردانی ڕۆژئاواتانکرد ، چەند لەوێ مانەوە ؟

ک . د : من لە ڕۆژی ٢٠١٣/٨/٢٨ لەڕێگای ناوچە سنوریەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ڕۆژئاوا ، سەردانی ڕۆژئاوامکرد وە تا ڕۆژی ٢٠١٣/٩/١٢ لەوێ بووم .

فیدراسیۆن : ئایا کەگەیشتیە سەرسنور بەدەرگای فەرمی پەڕیەوە ؟

ک . د : من کاتێک چووم و هاتمەوە بەبەلەمێک پەڕیمەوە ، واتە بەسەر پردەکەدا نەچووم  .

فیدراسیۆن : ئایا دەرگای سنور داخرابوو ؟

ک . د : من نەدیت هاتووچۆ هەبێت .

فیدراسیۆن : لەماوەی سەردانەکەتدا سەردانی چەند شوێنی کوردستانی ڕۆژئاواتکرد ؟

ک . د : من چووم بۆ هەریەک لەناوچەکانی دێرک ، گرکێ لەکێ ، ڕومێلان ، تربەسپی ، و خەتی پێشەوەی بەرەکانی شەڕ لەناوچەی چلاغا .

فیدراسیۆن : لەو ناوچانەی کە سەردانتکردووە کێشە سەرەکیەکان چیبوون ؟

ک . د : لەناوچەکانی گرکێ لەکێ و ڕومێلان لەگەڵ هەیڤا سوری کوردستان قسەمکرد ، گووتیان هیچ دەرمان نیە ، تەنیا ئەمبولانسێک کە لەئەوروپا نێردرابوو بەدەستیان گەیشتبوو . سەبارەت بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە ڕێژەی بێکاری زۆرە ، نرخی کاڵا زۆربەرزە ، خەڵکیش پارەی نیە ، وە ژمارەیەک خەڵکم دیت کە نزیکەی 30 کەس دەبوون لەکەمپی کۆچبەران لەهەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژئاوا گەڕابوونەوە .

فیدراسیۆن : خەڵک لەوێ بۆچوونیان چۆنە لەسەر کۆچبەربوون بۆ هەرێمی کوردستان ؟

ک . د : زۆر لەخەڵکی ڕۆژئاوا پێیانوایە ، جێهێشتنی خاکی کوردستانی ڕۆژئاوا کارێکی خراپە .

فیدراسیۆن : ئایا لەکوردستانی ڕۆژئاوا تەنیا کوردەکان کۆچبەری هەرێمی کوردستان دەبن ؟

ک . د : من لەوێ ئەم پرسیارەمکرد ، خەڵکەکە دەیانگووت کریستیانەکان دەڕۆن بۆ ووڵاتانی ئەوروپا بەتایبەتی بۆ ووڵاتی سوێد، یەزیدیەکان هەوڵدەدەن بڕۆن بۆ ئەڵمانیا ، ئەوانی تریش کۆچبەری هەرێمی کوردستانبوونە .

فیدراسیۆن : ئایا بۆچوونی پارتە کوردیەکانی ڕۆژئاوا لەسەر بابەتی کۆچبەربوونی هاووڵاتیان بۆ هەرێمی کوردستان چۆنە ؟

ک . د : پارتە کوردیەکان بەگشتی و پارتی یەکیەتی دیموکراتی (پەیەدە) بەتایبەتی دژی ئەوەن هاووڵاتیانی کورد کوردستانی ڕۆژئاوا جێبهێڵن و کۆچبەری هەرێمی کوردستان بن.

فیدراسیۆن : ئایا پارتە کوردیەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان پێکەوەکاردەکەن ؟

ک . د : من لەدەروازەی سنوری سمێڵکای ڕۆژئاوا دیتم 40 کەسی لێبوو 20 کەس سەربە ئەنجوومەنی ڕۆئاوای کوردستان بوون وە 20 کەسیش سەربە ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی بوون ، واتە پەنجا بە پەنجا بوو .

فیدراسیۆن : ئەو ماوەی کە لەڕۆژئاوای کوردستان بوویت ئایا سەبارەت بە تاوانەکانی بەرەی نووسرە چیت دیت ؟

ک . د : سەرەتا دەبێ ئەو ڕاستیە بزانین کە بەرەی نووسرە و دەولەتی شام و عیڕاق دژی کوردن ، لە چلاغا کاتێک من لەوێ بووم ، بەرەی نووسرە پەنای برد بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی ، لەوانەش تەقاندنەوەی دوو ئۆتومۆبیل ، یەکێکیان لەنزیک بازاڕ تەقاندەوە ، کە دواتر بە خۆم چوومە شوێنی تەقینەوەکە کە ژمارەیەک دوکانی لێبوو، زەویەکەی ئەو شوێنە لەئەنجامی تەقینەوەکە قوڵ ببوو ، وە لە شوێنێکی تردا کە بازگەی هێزەکانی یەپەگەی لێبوو ، پیاوێکی سەر بەبەرەی نووسرە کە ئۆتۆمبێلێکی لێدەخوڕێ بەمەبەستی تەقاندنەوەی ئۆتۆمۆبیلەکە هاتبوو ، بەڵام پێش تەقاندنەوەی ئۆتۆمۆبیلەکە مەکینەی تێکدەچێ پەکی دەکەوێ و ناڕوا ، شوفێرەکەش جێیدەهێڵێ و بەخۆی بۆ ئەنجامدانی کاری خۆکوژی و خۆ تەقاندنەوە بەرەو بازگەکەدێ ، کاتێک چەکدارانی یەپەگە ڕووبەڕووی دەبنەوە و ڕایدەگرن و چەکی لێڕادەکێشن لێیدەپرسن چیت دەوێ لێرە ؟ ئەویش بارودۆخی دەشڵەژێ و خۆی دەتەقێنێتەوە ، لەئەنجامدا بەس بەخۆی کوژرا ، دواتریش ئۆتۆمۆبیلەکەشی دۆزرایەوە کەبۆ تەقاندنەوەی هێنابووی ، دەرکەوت بەباشی ئامادەکرابوو بە ماتریالی تەقینەوە بۆ ئەنجامدانی تەقینەوەکە ، وەدواتر ئاشکرابوو ئەوکەسەی خۆی تەقاندەوە لەژێر کاریگەری مادەهۆشبەرەکان ئەو کارەی ئەنجامدابوو ، لەگیرفانەکانی ماددەی بێهۆشکردن دۆزرابۆوە .

فیدراسیۆن : ئایا چووی بۆ ناوچەکانی تەلعەران و تەلحاسڵ ؟

ک . د : نەمتوانی بچم بۆ ئەم شوێنە .

فیدراسیۆن : ئایا ئەم ناوچانەی لەژێر دەستی یەپەگەدان پۆلیس و ئاسایشەکان تەنیا کوردن ؟

ک . د : یەپەگە لەو ناوچانە کەلەژێردەستیدایە هەموو گەلانی ئەو ناوچانە بەبێ جیاوازی دەپارێزێ ، پۆلیس و ئاسایش ڕێژەیەکی بەرچاو لەکارمەندەکانیان لەژنان پێکهاتووە ، وە ئاسایش هەبوو عەرەب بوو ، وە لەبازگەکان چەند کریستیانێکم دیت بەشێوەی خۆبەخش کاریاندەکرد لەگەڵ یەپەگە بوون .

فیدراسیۆن : ئایا پەنابەرانی ناوخۆی سوریە بەتایبەتی عەرەب ، لەکوردستانی ڕۆژئاوا هەبوون ؟

ک . د : لە گرکێ لەگێ پەنابەرانی عەرەبم دیت گوتیان ئێمە لێرەین یەپەگە دەمانپارێزێ ، بەڵام کێشەی ئەو پەنابەرانە ئەوەیە کەس نیە یارمەتی مرۆییان پێبدات .

فیدراسیۆن : ئایا عەشیرەتە عەرەبەکان لەو ناوچانەی کەشەڕ لەنێوان یەپەگە و نووسرە ڕوودەدات هەڵوێستیان چۆنە ؟

ک . د : عەشیرەتەکانی عەرەب کاتێک بەرەی نووسرە و دەولەتی شام و عیڕاق لەناوچەکان باڵادەستبن ، ئەوا لەگەڵ ئەوانن ، وەکاتێک ئەو ناوچانە لەلایەن یەپەگەوە ئازاد دەکرێن بەگەڵ یەپەگە دەکەون .

فیدراسیۆن : سەبارەت یەپەگە  هیچ تێبینیت هەیە ؟

ک . د : تێبینی ئەوەمکرد کە یەپەگە زۆر خاوەن پرەنسیپن ، بەجدی کاردەکەن ، گەندەڵ نین ، کەسێک نابینی بووبێ بەخاوەن کۆشک و تەلار و خاوەن ماشێنی جوان لەڕیزەکانی یەپەگە ، وەکو هەرهاوڵاتیەکی تر دەژین ، ئاسایش و پۆلیسەکانیش زۆرجار خۆبەخشانە کاریانکردووە ، بەڵام ئەوەی پێویستە باسی بکەم یەپەگە پێویستی بەچەکی قورسە ، چونکە تەنیا کلاشینکۆف و ئارپی جی ، دۆشکەیان هەیە ، کەچی لایەنی بەرامبەر واتە بەرەی نووسرە و دەولەتی شام و عیڕاق و سوپای ئازادی سوری خاوەن جەکی قورس و تۆپ و تانکن .

فیدراسیۆن : دوا ووتەی بەڕێزت ، یا ئەگەر تێبینیەکت هەبێت دەتوانی باسی بکەی .

ک . د : من سوپاسی ماندووبوونی ئێوە دەکەم بۆ ئەم چاوپێکەتنە ، لەهەرێمی کوردستان دەبینم ئێستا هەموولایەک سەرقاڵی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنن ، بەڵام بەداخەوە بابەتی کوردستانی ڕۆژئاوا لەم هەڵبژاردنەی هەرێمی کوردستان ڕەنگی نەداوەتەوە ، وەکو کێشە سەیر ناکرێ و ئاماژەی پێناکرێ !

فیدراسیۆن : ڕۆژنامەنووس کاڕڵ ئێمەش زۆر سوپاست دەکەین بۆ ئەم دەرفەتە و هیوادارین کاتێکی خۆش لە کوردستان بەسەرببەی .


FPPK

18.09.2013