شێوازی ئەشکەنجەدانی زیندانی سیاسی کورد شەپال ئیبراهیم لەلایەن ڕژێمی سوریا

  English    -   Deutsch  -  kurdi   -    كوردی   -   فارسی                                                        

شێوازی ئەشکەنجەدانی زیندانی سیاسی کورد شەپال ئیبراهیم لەلایەن ڕژێمی سوریا پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی


Foto:FPPK

لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سوریا دژ بەڕژێمی بەعسی و سیستەمی دیکتاتۆری لەو ووڵاتەدا،گەلی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان فاکتەرێکی گرنگی دەستپێکردن و بەردەوامبوونی ئەو شۆڕشە بووە ، لەو ڕێگایەش قوربانی زۆری داوە ، زیندانیانی سیاسی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان پێشڕەوی ڕاستەقینەی شۆڕشەکەبوون ، شەپاڵ ئیبڕاهیم لاوێکی کوردی چالاک کە ڕۆڵی هەبووە لەدروستکردنی هەمئاهەنگیەکانی شۆڕش لەشاری قامیشلۆ ،دواتر بەهۆی بەشداریکردنی بەردەوامی لەخۆپیشاندانەکان لەلایەن ڕژێمی بەعسی دەستبەسەرکرا ، دوای ساڵێک وهەشت مانگ مانەوە لەزیندان ئازاد دەکرێ ، ماڵپەڕەکەمان بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر بارودۆخی زیندانیانی سیاسی لەوبەشەی کوردستان ئەم

چاوپێکەتنەی لە گەڵ زیندانی سیاسی کورد شەپاڵ ئیبراهیم سازدا.

 

پرۆفایل

شەپال ئیبراهیم محەمەدئەمین

لەدایکبووی 4.4.1977 ی شاری قامیشلۆ

پلەی خوێندن : دەرچووی پەیمانگا

خێزاندار ،دوو کوڕ و کچێکی هەیە بەناوەکانی :

ئەلەند ، لەوەند ، ئەلین

FPPK : دەکرێ باسی چۆنیەتی گرتنی خۆت بکەی ، بۆ ڕژێمی سوریا دەستبەسەرتی کرد؟

شەپال : لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی سوریا گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بەشداری چالاکانەی شۆڕشەکەیانکرد ، منیش وەکو چالاکێکی سیاسی بەشداربووم لەدروستکردنی هەمئاهەنگیەکانی شۆڕش لەشاری قامیشلۆ ، بەشێوەیەکی چالاک بەشداری خۆپیشاندانەکانم دەکرد ، تا لەلایەن ڕژێمی بەعسی سوریا دەستبەسەرکرام .

FPPK : کەی ، لەکوێ ، لەلایەن کێ دەستبەسەرکرای ؟

شەپال : لەبەرواری 22.9.2011 لەماڵەکەی خۆم لەشاری قامیشلۆ لەلایەن هێزێکی دەزگای هەواڵگری ناسراو بە هەواڵگری ئاسمانی دەستبەسەرکرام ،

FPPK: بەتاوانی چی دەستبەسەرکرایت ؟

شەپال : ڕژێمی بەعسی سوریا بەتاوانی دروستکردنی هەمئاهەنگیەکان واتە (تەنسیقیات) منی دەستبەسەرکرد و بەتۆمەتی ئەنجامدانی کاری تیرۆر دژ بەدەولەت تاوانبارمی کرد مەبەستیان خۆپیشاندانەکان بوو دژی ڕژێم .

FPPK : دەتوانی باسی سەرەتای لێکۆڵینەکانی ناو زیندان بکەی ؟

شەپال : سەرەتا کە دەستبەسەرکرام دوو ڕۆژ لە هەواڵگری قامیشلۆ منیان هێشتەوە بەبێ لێدان،دواتر من و مامۆستا حسێن عەلی عیسۆ کەپێکەوەبووین ، ئێمەیان برد بۆ دێرەزور ماوەی 5 ڕۆژ لەوێ بووین دواتر ئێمەیان برد بۆ شام (دیمەشق) بۆ زیندانی فڕۆکەخانەی ( مەزەی سەربازی) سەربە دەزگای هەواڵگری ئاسمانیە ، سەرەتا لەوێ کاتژمێریک ئەشکەنجەدرام ، من و مامۆستا حسێن لەیەکتر جیاکراینەوە ، جاری یەکەم کە لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد ماوەی 17 کاتژمێری خایاند بەسەختی ئەشکەنجەدرام ، لەهەمان کاتدا لەکاتیك کەئەشکەنجەدەدرام گوێم لەهاوار و قیژەی ژنان دەبوو ژنانیش لەوی ئەشکەنجە دەدران. جاری دووەم ماوەی 4 کاتژمێر هەڵیانواسیم و لێیاندەدام بەتەزووی ئەلەکتریک (کارەبا ) ئەشکەنجەدرام ، کارەبایان لە لێوم و گوێچکەم وشوێنی هەستیاری لەشم دەبەست بۆ نموونە لە کۆئەندامی میزکردنم  بەمشێوەیە ئەشکەنجەدەدرام ، وە بە بۆڕی پلاستیکی بۆری ئاو و قامچی و جۆرە دارێک هەبوو بەعەرەبی پێیان دەگووت (بسا‌‌ت الریح) ، وە بەکێبڵ و قایش کە لە تایەی ئۆتۆمۆبیل دروستکرابوو ئەشکەنجەدرام .

FPPK: بەسەختی ئەشکەنجەکراوی ، ئایا شێوازی ئەشکەنجەی سەختتریش لەوانەی باستکرد هەبوو ؟

شەپال : سەخترین ئەشکەنجە کەلەسەر من پەیڕەوکرابێت شێوازێکی ئەشکەنجەبوو کە کاربەدەستانی زیندان پێیدەڵێن (بلانکۆ) ، بریتیە لە نزمکردنی سەرم  هێنانەوەی تا لای قاچم و بەستانەوەیان پێکەوە بە زنجیر وە دەستەکانیشم لەدواوە بەسترابوو ، کەتینو دەبووم ئاویان دەهێنا دەمخواردەوە چەندجارێک بەم شێوەیە دواتر کە میزم زۆر دەهات نەیاندەهێشت میزبکەم ، میزکردن نەبوو ، ئەوەش بۆمن زۆر زەحمەتبوو بەتایبەتی خۆم  جەرگم تووشی هەوکردنی ڤایرۆسی ببوو چارەسەری پزیشکی نەبوو ، دووجار ئەشکەنجەی بلانکۆکرام  سەربارەی ئەوەش بەشەق و بۆکس لێیان دەدام ، ئەم چۆرە ئەشکەنجەیە هەمووی لە زیندانی (مەزە )و زیندانی (باب تۆما )لەدیمەشق بوو کەسەربە دەزگای هەواڵگری ئاسمانیە پەیڕەودەکرا .

FPPK : بەگشتی لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدانت ماوەی چەندی خایاند ؟

شەپال : من ماوەی دوو مانگ و نیو لەئەشکەنجە و لێکۆڵینەوەدابووم ، نزیکەی ساڵیک لەژووری تاکەکەسی بووم ، وە ئەشکەنجەی بەکۆمەڵ لەلایەن کاربەدەستانی زیندان لەسەر گیراوان بەگشتی پەیڕەو دەکرا .

FPPK : گواسترایتەوە بۆ هیچ گرتووخانەیەکی تر یان هەر لەو شوێنە بوویت ؟

شەپال : لە 2ی شوباتی 2012 دا منیان گواستەوە بۆ گرتووخانەی سیدنایا ماوەی ساڵێک و چوارمانگ لەوێ مامەوە .

FPPK : گرتووخانەی سیدنایا مەترسیدارە ، دەتوانی باسی ئەو گرتووخانەیە بکەی بارودۆخی ناو گرتووخانە چۆن بوو ؟

شەپال : گرتووخانەی سیدنایا شوێنێکی زۆر پیسە ، ناسراوە بە گرتووخانەیەکی مەترسیدارە لەهەموو ڕوویەکەوە ، دەتوانم بڵێم گرتووخانەی ئەبو غرێب لەعیڕاق وەکو هوتێلی پێنچ ئەستێرە وایە بەبەراورد لەگەڵ گرتووخانەی سیدنایا لەسوریا ، من لەبەشی گرتووخانەی (سەربازی یەک )بووم لە سیدنایا ، لەوێ زیندانی یەک و دوو هەیە .

FPPK : ئایا دادگایی کرایت ، پارێزەرت هەبوو ؟

شەپال : لە 5 ی مانگی سێپتێمبەری ساڵی 2012 منیان برد بۆ دادگا ، دادگایکردنێکی دوو خولەکی بوو دوو کەس دانیشتبوون بەجلی سڤیل - مەدەنی یەکێکیان گووتی من دادوەرم ، پرسیاری کرد ناوت چیە ، تۆ بەشداری خۆپیشاندان و کاری دژ بەدەوڵەتت کردوە ، گووتم نا ، گووتی تەواو ، ئیتر نەمزانی چ حوکمێکم بەسەردا دەسەپێنێ یا بەچ ماددەیەک حوکمم دەدا.

FPPK : چەند حوکم بووی ؟

شەپال : من تا ڕۆژی ئازادبوونم نەمزانی چەند حوکم دراوم ، لەکاتی ئازاد بوونم زانیم کە 15 ساڵ حوکم دراوم .

FPPK : لەسەرەتا باسی ئەوەتکرد کە خۆت و مامۆستا حسێن عەلی عیسۆ لە زیندانی قامیشلۆ و دێرەزور پێکەوەبوون ، ئایا هیچ زانیاریت لەسەر ناوبراو هەیە ؟

شەپال : لەوکاتەی ئێمەیان لەیەکتر دوورخستەوە من هیچ زانیاریەک دەربارەی مامۆستا حسێن نازانم ، تەنیا ئەوەنەبێت لەناو زیندان گیراوێکی عەرەب گووتی من و مامۆستا حسێن عەلی عیسۆ لەیەک زیندانێک پێکەوە بووین بەڵام مامۆستا نەخۆش بوو دووچاری خوێن بەربوونی دەم و قوڕگ بوو ، ڕۆژێک کاربەدەستانی زیندان هاتن پێیان گووت تۆ دەمری ، خۆت ئامادە بکە ئازادت دەکەین بڕۆ لەماڵەوە بمرە ، لەوکاتەوە بردیان نەهاتەوە .

FPPK: ئایا ئازادیانکردبوو ڕاستبوو ؟

شەپال : نەخێر ، دوای ئەوەی من ئازادکرام بنەماڵەی مامۆستا حسێن هاتنە لام لەماڵەوە ، پرسیاری مامۆستایان لێمکرد ، گوتیان تائێستا هیچ هەواڵی نیە ! ئەوکات زانیم ئازاد نەبووە ، نازانم ئایا کوشتویانە لەژێر ئەشکەنجە ، هیچ دەربارەی نازانرێ .

FPPK : بەگشتی ماوەی چەند لە زیندان بووی ؟

شەپال : من ماوەی ساڵیک و هەشت مانگ و نیو لەزیندان بووم ، نزیکەی ساڵێک لەژووری تاکەکەسی بووم .

FPPK : لەو ماوەیەدا خانەوادەکەت دەیانزانی لەکوێ دەستبەسەری ، هیچ هاتنە سەردانت ؟

شەپال : هیچ نەیاندەزانی من لەکوێ دەستبەسەرم ، تەنیا 22 ڕۆژ پێش ئازاد بوونم براکەم لەبەرواری 7ی ئایار لەزیندان هاتە سەردانم ، پاش هەوڵێکی زۆر شوێنەکەی منی دۆزیبۆوە توانی ماوەی 10 خولەک سەردانم بکا ، بەڵام کەبراکەم ڕۆیشت لەلایەن کاربەدەستانی زیندان بەسەختی ئەشکەنجەدرام لەئەنجامدا دەستی چەپم شکا .

FPPK : بەڕای بەڕێزت بۆ لەو کاتەدا وابەسەختی ئەشکەنجەیاندایت ؟

شەپال : بۆ ئەوەی هەست بەخۆشی سەردانی براکەم نەکەم .

FPPK : ئایا زانیاریت لەسەر گیراوی کورد جگەرخوێن مەلا ئەحمەد هەیە ؟

شەپال : نەخێر ، بەس دەزانم لە گرتووخانەی شاری حەلەب دەستبەسەرە .

FPPK : ئایا کوردی بەشەکانی تری کوردستان لە گرتووخانە هەبوون ؟

شەپال : بەڵێ ، باوکێک لەگەڵ 3 کوڕی کە خەڵکی هەرێمی کوردستانن ئەوە ماوەی 6 ساڵە لەزیندانن .

FPPK : کەی ، چۆن ئازادبووی ؟

شەپال : من لە 29.5.2013 ئازادکرام ،بەبڕیارێکی لێبوردنی تایبەتی ڕژێمی سوریا ، کە ڕاگەیەنرا 72 کەس بەبڕیاری لێبوردنی تایبەت ئازاددەکرێن ، من ئازادکرام ، بەڵام نازانم ئەوانی تریش ئازادکران یان نا .

FPPK : گرتووخانەی سیدنایا چەند کەسی تیادا دەستبەسەرە ؟

شەپال : نزیکەی شەش هەزار کەس

FPPK : ئەو ژمارە زۆرە ئایا جێگا ئەوەندە زۆربوو ؟

شەپال : جێگا زۆر کەمبوو ، خواردن سەرباری ئەوەی پیسبوو زۆریش کەمبوو .

FPPK : فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان لەڕابردوودا بەدواداچوون و کاری لەسەر کەیسەکەی بەڕێزت کردووە، تائێستا چەندین هەواڵی لەسەر بارودۆخی بەڕیزت کە لەزیندان بوویت بڵاو کردۆتەوە ، ئایا وەک زیندانیەکی سیاسی پێشبینی ئەوەت دەکرد ؟

شەپال : من هەستم دەکرد کە لەدەرەی زیندان بەدواداچوون هەیە بەڵام پێشبینی ئەوەمنەدەکرد بەو ئاستە بەرزە بێت ، ئەو کارەی فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان کارێکی زۆر پیرۆزە ، زۆر بەرزی دەنرخێنم ، دەستتان خۆش ، هیوادارم بەردەوامبن لەو ئەرکە پیرۆزە.

FPPK : لەکۆتاییدا بەناوی ستافی ماڵپەری فیدراسیۆنی زیندانیان سیاسی کوردستان و ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان زۆر سوپاست دەکەین بۆ ئەم چاوپێکەتنە ، هیوادارین هەر ئازاد و سەربەرزبی .

شەپال : من زۆر سوپاسی ئەرک و ماندووبوونتان دەکەم دەستان خۆش ، سەرکەوتووبن

سازدانی : فوئاد زیندانی

FPPK

03.07.2013