ژاڵە سنەیی، هەرچه‌شنه خه‌باتێک که بۆ ڕزگاری گه‌له‌که‌مان یارمه‌تیدەربێت ئه‌بێت پاڵپشتی بکرێت

  English    -   Deutsch  -  kurdi   -    كوردی   -   فارسی                                                        

ژاڵە سنەیی، هەرچه‌شنه خه‌باتێک که بۆ ڕزگاری گه‌له‌که‌مان یارمه‌تیدەربێت ئه‌بێت پاڵپشتی بکرێت پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی

هونەرمەندی دەنگخۆش و ناسراوی کورد خاتوو ژاڵە ، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕەکەمان ، سەبارەت بە زیندانیانی سیاسی کورد کەلەزیندانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان لە ١٢ ی سێپتێمبەرەوە دەستیان بە مانگرتنی بێوادە لەخواردن کردووە بۆچوون و هەڵوێستەکانی خۆی دەخاتە ڕوو .

 

هونەرمەند ژاڵە سنەیی

جیهان به‌رەو دیمۆکراسی  و گۆڕانکاری ده‌ڕوات که‌واته زیندانیانی مانگرتوو ده‌ست له داخوازیه‌کانی خویان به‌رنه‌ده‌ن تا سه‌رکه‌وتن ، سه‌رکه‌وتن هی ئه‌وانه

پڕۆفایل – هونەرمەند ژاڵە خەڵکی شاری سنە - ڕۆژهەڵاتی کوردستانە ، ماوەی ١٦ ساڵە کاری هونەری دەکا ، تائێستا 25 گٶرانی لە 3 سی دی و یەک تاکە گۆڕانی تۆمار کردووە. لەدوایین سی دی گۆرانیەکی بۆ زیندانیانی سیاسی بەناوی( ڕێگا )، گۆرانیەکیش بۆ ژنان بەناوی( کامە ووڵاتەکەی منە )،وە گۆرانیەکیش بۆ مناڵانی برسی جیهان بەناوی( هەی لایە لایە )، و چەند بەرهەمەێکی تر لەو سی دی یەداهەیە کە لەساڵی 2007 هاتەبازاڕەوە تۆمارکردووە.

ماڵپەڕی فیدارسیۆن : بەڕیزتان ئاگادارن لە ڕۆژی ١٢ی سێپتێمبەرەوە بەسەدان زیندانی سیاسی کورد لەهەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو لەگرتووخانەکانی باکوری کوردستان و تورکیا دەستیان بەمانگرتی بێوادە لەخواردن کردووە ، ڕای بەڕیزت لەسەر چالاکی مانگرتن چیە ؟

- بەڵێ ئاگادارم ، مانگرتنی زیندانیانی سیاسی یه‌کی له هه‌ره به‌رزترین و پیروزترین چالاکییه سیاسیه‌کانه که ده‌کرێت ناوی لی بێرین. چونکە ڕاسته‌وخو له ژێر ده‌ستی جه‌لادانی سه‌رکوتدا ژیانی خوێان ده‌خه‌نه مه‌ترسیکی زیاتره‌وه بەهۆی مانگرتن له خواردن وه به‌هوی ئه‌شکەنجه‌ و لێدانی زۆرتر.

ماڵپەڕی فیدارسیۆن : ژنانی کورد لەزیندانەکان دەستپێشخەر بوون لەدەستپێکردنی مانگرتنەکە ، بەڕێزتان وەکو ژنێک ئەو هەڵوێستەی ژنان چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟

- ژنانی کورد هه‌رده‌م له خه‌بات و چالاکیه‌کاندا بۆ ئازادی کوردستان ئه‌گه‌ر یه‌که‌م ده‌سته نه‌بووبن  بێ شک شانبه‌شانی به‌شه‌کانی تری کومه‌ڵگای کوردی له خه‌بات و خوڕاگریدا به‌شدار بوون ،وە جێی سه‌رسووڕمان نەبوو بۆ من که ‌ببیستم ژنان ده‌ستپێشخه ری ئه‌م مانگرتنه‌ بوون. ئێمه ئه‌‌گه‌ر سەیرێکی به خێرایی سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی ئه‌م دواییانه ی ووڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌کان بکەین و ببینین ژنان له‌وێ چه‌ند ڕۆڵیان هه‌بووە له چالاکییه کاندا ، وە له گه‌ڵ ئێمەی کورد به‌راوردی بکه‌ین ده‌بیینین که ژنانی کورد چه‌نده چالاکتر وبه‌ هه‌ڵویست تر‌ن ، ئه‌مه نه‌ته‌نیا سیاسی بوونی کومه‌ڵگای ئیمه ده‌رده‌خات به‌ڵکو که‌لتوری پێشکه‌وتوو تر له ئه‌وانیشمان پێ پیشان ئه دات.

ماڵپەڕی فیدارسیۆن : ئایا هونەرمەندی کورد لەڕێگای هونەرەکەی دەتوانێت پشتگیری دۆزی ڕەوای زیندانیانی سیاسی بکات ؟

- بەهونه‌رمەندێک ده‌وترێ هونه‌رمەندی ڕاسته‌قینه که پێش کۆمه‌ڵگاکه‌ی خوی بیربکاته‌وه و نابه‌رابه‌ریه‌کان و زڵموو زوره‌کان ببینێت و له‌سه‌ر بیر و کارە هونه‌ریه‌که کاریگەری دابنێت وهه‌ڵبه‌ت که ئه‌و جوره هونه‌رمەندانه‌ش که وا بیر ده‌که‌نه‌وه ناتوانن له هه‌مبه‌ر دنیای ده‌ورووبه‌ری خویاندا بێ هه‌ست و بێ هه‌ڵویست بن. ئەگەر هونه‌رمەندێک له‌پشتگیری دۆزی ڕەوای گه‌له‌که‌ی کۆتایی بکات نابێت به‌ هونه‌رمەند بانگ بکرێت.

ماڵپەڕی فیدارسیۆن : بەڕای بەڕێزتان وەکو هونەرمەندێک هۆکاری بێدەنگی هونەرمەندانی کورد لەبەشەکانی تری کوردستان سەبارەت بەو مانگرتنەی زیندانیانی سیاسی بۆچی دەگەڕێتەوە ؟

- بەڕای من بی‌ده‌نگی هونه‌رمەندان بۆ پاڵپشتی له هه‌ربابه‌تێکی سیاسی و کومه‌ڵایه‌تی  بۆ چه‌ند هۆکارێک ده‌گه‌ڕێته‌وه. یان ئاستی ڕووناکبیریان له‌و ئاسته‌دا نیە که بزانن هه‌ڵوێست گرتن بۆ چی پێویستە، یان به‌ هۆی به‌رژه‌‌وه‌ندی حزبی وکه‌سایه‌تی ، یان بەهۆی باروودوخی ئەو کومه‌ڵگایەی که تێیدا ده‌ژین.

ماڵپەڕی فیدارسیۆن : لەنێو زیندانیانی سیاسی مانگرتوودا پەرلەمانتار و شارەدار و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندیش هەن ، بۆ پشتگیری مانگرتوان  بەڕێزتان وەک هونەرمەندێک بانگەوازیتان بۆ هونەرمەندان چیە ؟

- هەرچه‌شنه خه‌باتێک که بۆ ڕزگاری گه‌له‌که‌مان یارمه‌تیدەربێت ئه‌بێت پاڵپشتی بکرێت. ده‌ستخۆشی له‌هه‌موو ئه‌و په‌رله‌مانتار و شارده‌دار و ڕوژنامه‌نوس و هونه‌رمەندانه‌ ده‌که‌م که‌ پاڵپشتی هاوپیشەکانیان ده‌که‌ن و داوا له‌ هه‌موو خه‌ڵکی به‌شه‌کانی تری کوردستان د‌ه‌که‌م که بێ ده‌نگ نه‌بن.

ئازاد بوونی کوردستان له باکوور و ڕوژهه‌ڵات ژیانێکی ئاسوده‌تر بۆ هه‌موو که‌س و هه‌ڵبه‌ت هونه‌رمەندانیش پێکدێنێت که‌واته با هه‌موومان هەوڵ بد‌ەین بۆ ئازادی هه‌تا هه‌تایی کوردستان.‌

ماڵپەڕی فیدارسیۆن : بەڕێزت وەکو هونەرمەندێکی خاوەن هەڵوێست ، بەدەنگە زوڵاڵەکەت گۆرانیەکت لەسەر زیندانیانی سیاسی بڵاوکردۆتەوە ، دەتوانی پێمان بڵێی چی بوو وایکرد گۆرانیەکی لەم بابەتە پێشکەش بەزیندانیانی سیاسی بکەیت ؟ کەی بڵاوتکردۆتەوە ، شیعرەکە و ئاوازەکە کێ دایناوە؟

- من هه‌رله‌ سه‌ره‌تای ده‌ست پێکردنی کاره هونه‌ریه‌که‌م هه‌وڵم داوه که گۆرانیه‌کانم تایبه‌ت نه‌بێت به‌س به‌گۆرانی دڵداریه‌‌وه، ڕاسته‌ ئه‌وه‌ش به‌شیکه له ژیانی خه‌ڵکه‌که‌ی من به‌ڵام به‌هه‌ڵبژاردنی شێعرێک که ئێش و ئازاره‌کانی کومه‌ڵگا ده‌رده‌خات هه‌وڵم داوه به‌شێک له ئه‌رکی سه‌شانم جیبه‌جێ بکه‌م.

ئه‌و گۆرانیه‌م هه‌روەک که له پرسیاری پێشتردا باس کردووه له سی دی سێیەمی خۆمدا خوێندووه و مۆسیقاکه‌ش کاک روزبه‌ موسلێح بۆمی دورست کردووه. ساڵی 2007 هاته‌بازاڕه‌وه.

ماڵپەڕی فیدارسیۆن : بەپێی زانیارەیەکانی ماڵپەڕەکەمان ، بەڕێزتان وەکو زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کورد ، خاوەن شەهید و زیندانی سیاسین ، لەسەردەمی ڕژێمی شای ئێران ، سەردەمی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران ،خانەوادەکەتان قوربانی زۆرتان داوە ، زەحمەتی زۆرتان کێشاوە ،دوا ووتەت بۆ زیندانیانی مانگرتوو چیە؟

- بەڵێ ، ڕاستە دوا ووته‌م بۆ زیندانیان ئه‌وه‌ یه که مافی ڕەوا و ڕاست هه‌رهی ئه‌وانه و به‌درێژایی مێژوو دیکتاتۆرەکان و زاڵمان نه‌ماون و خه‌ڵکە که به‌سه‌ریانا زاڵ بوون . جیهان به‌رەو دیمۆکراسی  و گۆڕانکاری ده‌ڕوات که‌واته زیندانیانی مانگرتوو ده‌ست له داخوازیه‌کانی خویان به‌رنه‌ده‌ن تا سه‌رکه‌وتن ، سه‌رکه‌وتن هی ئه‌وانه . هه‌ر بژین و سه‌رکه‌وتوو بێ خه‌لکی هه‌ژاری کورد.

ماڵپەڕی فیدارسیۆن : هونەرمەندی دەنگخۆش و خاوەن هەڵوێست ژاڵە زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە .

- سوپاس بۆ ماڵپەڕەکەتان و بۆ ئێوەش که دڵسوزانه خه‌بات ده‌که‌ن

 

سازدانی چاوپێکەوتن : فوئاد زیندانی

 

FPPK

 

30.10.2012