دانیشتنى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر ناسنامه‌ى کورد

  English    -   Deutsch  -  kurdi   -    كوردی   -   فارسی                                                        

دانیشتنى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر ناسنامه‌ى کورد پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی



چه‌ترپرێس ـ فوئاد زیندانی

له‌ دانیشتنێکى کراوه‌دا له‌ به‌رلین رۆژى (٢٠١٢/١٠/١٥) په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانى گفتوگۆى له‌سه‌ر ناسنامه‌ى کوردی کرد.

به‌ ئاماده‌بوونى نوێنه‌رانى حکومه‌ت، هه‌ر یه‌که‌ له‌ سکرتێرى وه‌زاره‌تى ناوخۆى ده‌وڵه‌تى ئه‌ڵمانى و نوێنه‌رى پاراستنى ده‌ستور که‌ ده‌زگایه‌کى نهێنیه‌ و نوێنه‌رى وه‌زاره‌ته‌کانى ترى په‌یوه‌ندیدا و په‌رله‌مانتاره‌کانى فراکسیۆنه‌ جیاوازه‌کانى ئه‌ڵمانیا و سه‌رۆکى فیدراسیۆنى کۆمه‌ڵه‌ کوردییه‌کانى ئه‌ڵمانیا و به‌ ئاماده‌بوونى (٧٤) که‌س له‌ میوانانى دانیشتنه‌که‌ى په‌رله‌مان که‌ وه‌ک گوێگر هاتبوون بریتیبوون له‌ نوێنه‌رانى فیدراسیۆن و رێکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌کان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان و که‌سایه‌تیه‌کانى هه‌ر چواربه‌شى کوردستان و جیهان، دانیشتنه‌که‌ به‌ڕێوه‌چوو.

دانیشتنه‌که‌ له‌ هۆڵى ژماره‌ (3101) له‌ باڵه‌خانه‌ى ناسراو به‌ مارى لوده‌رس هاوسى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانى کاتژمێر (13:54) گفتوگۆى تایبه‌ت به‌ناسنامه‌ى کوردى ده‌ستى پێکرد.
کێرستن شتاینکه‌ که‌ سه‌ر به‌ پارتى چه‌پ - دى لینکه‌یه‌ و سه‌رۆکى لیژنه‌ى تایبه‌ت به‌ که‌مپین له‌ په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانى سه‌ره‌تا داواى له‌ یوکسه‌ل کۆچ سه‌رۆکى فیدراسیۆنى کۆمه‌ڵه‌ کوردییه‌کان کرد. وته‌ى تایبه‌ت به‌ که‌مپینه‌که‌ و ناوه‌ڕۆکى داواکارییه‌کانى کوردان پێشکه‌ش بکات، ئه‌ویش به‌ وشه‌ى رۆژباش به‌ کوردى ده‌ستى به‌قسه‌کردنکرد به‌ زمانى ئه‌ڵمانى، له‌سه‌ر (١٢) خاڵه‌که‌ى داواکارییه‌کانى کوردان قسه‌یکرد و وتى ئێمه‌ نامانه‌وێت وه‌ک که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا قبوڵ بکرێین، به‌ڵکو ده‌مانه‌وێ هاوشێوه‌ى نه‌ته‌وه‌کانى تر هه‌مان مافمان هه‌بێت و چه‌ند نمونه‌یه‌کى له‌سه‌ر بێبه‌شبوونى کوردان له‌و مافانه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا هێنایه‌وه‌ له‌وانه‌ش: خوێندن به‌زمانى کوردى و داننان به‌ ناسنامه‌ى کوردان و رێگریکرن ته‌نانه‌ت له‌دانانى ناوى کوردى واته‌ ناونانى مناڵانى کورد ته‌نانه‌ت دایک و باوکیان له‌ ئه‌ڵمانیا له‌دایکبوون، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ ره‌گه‌ز خه‌ڵکى کوردستانى باکورن له‌سه‌ر داواکارى تورکیا له‌ ئه‌ڵمانیا رێگرى له‌ دانانى ناوى کوردى بۆ مناڵانى تازه‌ له‌دایکبوو ده‌کرێ، داوایکرد حکومه‌تى ئه‌ڵمانیا رۆڵى سیاسى له‌ چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ى کێشه‌ى کورد ببینێ، وتیشى به‌هۆى قه‌ده‌غه‌ى سه‌ر پارتێکى وه‌ک پارتى کرێکارانى کوردستان له‌ ئه‌ڵمانیا کوردان ناتوانن تێکه‌ڵ به‌ کۆمه‌ڵگاى ئه‌ڵمانى ببن له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و جۆره‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ بووه‌ به‌ کۆسپ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ى تێکه‌ڵبوون واته‌ ئینتیگراسیۆن، بێبه‌شکردنى کۆمه‌ڵه‌ و رێکخراوه‌کانى مه‌دنى کوردى له‌ یارمه‌تى ماڵى که‌ حکومه‌ت ده‌یدات به‌ رێکخراوه‌ مه‌دنیه‌کان به‌پێى یاسا و هێرشه‌کانى پۆلیسى ئه‌ڵمانیا بۆ سه‌ر رێکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌کانى کوردان به‌بێ هۆکار.
دواتر په‌رله‌مانتارانى لیسته‌ جیاوازه‌کانى ناو په‌رله‌مان پرسیاریان ئاراسته‌ى حکومه‌ت کرد و حکومه‌تیش وه‌ڵامى دایه‌وه‌ و هه‌ندێکیشى تێده‌په‌ڕاند و وه‌ڵامى نه‌ده‌داوه‌.
گ.باومان پێشکه‌شکارى راپۆرت قسه‌یکرد.
کریستۆف هاگمان به‌ناوى حکومه‌ت وه‌ک سکرتێرى وه‌زاره‌تى ناوخۆى ئه‌ڵمانیا وتى: به‌ڕێز کۆچ ئێوه‌ (١٢) داواکاریتان پێشکه‌ش کردوه‌، هه‌ر وه‌ک باست کرد له‌ (٦) هه‌رێمى ئه‌ڵمانیا خوێندن به‌ کوردى هه‌یه‌، بۆچى ئه‌و داواکارییه‌تان پێشکه‌ش به‌ هه‌ر (١٦) هه‌رێمه‌که‌ى ئه‌ڵمانیا ناکه‌ن؟
په‌رله‌مانتارێک روى له‌ حکومه‌تکرد و پرسیارى کرد ئایا پارتى کرێکارانى کوردستان زه‌ره‌رى له‌ رێکخراوه‌کانى تر زیاتره‌؟
ئایا ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ وڵاتانى ترى ئه‌وروپا که‌ خه‌ڵکى کورد لێى ده‌ژین چۆن مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت؟
بۆچى قه‌ده‌غه‌ له‌سه‌ر په‌که‌که‌ هه‌ڵناگیرێ؟
ک.هاگمان (سکرتێرى وه‌زاره‌تى ناوخۆى ده‌وڵه‌تى ئه‌ڵمانی) به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامى دایه‌وه‌: پارتى کرێکارانى کوردستان فاکته‌رى سه‌قامگیرى و ئاسایشه‌ له‌نێوان کورد و تورک له‌ ئه‌ڵمانیا، سه‌باره‌ت به‌ رۆڵى ئه‌ڵمانیا له‌ چاره‌سه‌رى سیاسى کێشه‌ى کورد ئێمه‌ له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌رى ئه‌و کێشه‌یه‌داین به‌ ئاشتى و پێمانوایه‌ پرۆژه‌ى ساڵى (2009)ى حکومه‌تى تورکى پرۆژه‌کى باشه‌ بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م کێشه‌یه‌ و له‌ ساڵى (2011) له‌ په‌رله‌مانى تورکیا گۆڕانکارى له‌ ده‌ستورى تورکى کراوه‌ و په‌رله‌مانتارانى کوردیش له‌و گۆڕانکاریانه‌دا به‌شداربوون ئه‌وه‌ش شتێکى باشه‌!
یوکسه‌ل کۆچ سه‌رۆکى فیدراسیۆنى کۆمه‌ڵه‌ کوردییه‌کان وتى سوپاستان ده‌که‌ین ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بابه‌تى کوردان گفتوگۆ ده‌که‌ن، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ لێره‌ وه‌ک کورد قه‌بوڵ بکرێین له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێمه‌ عه‌ره‌ب، تورک، فارس نین، له‌ ئه‌ڵمانیا  مافه‌کانمان ده‌خورێ، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌رێمى نیده‌رزاکسن دایک و باوکێک که‌خۆیان لێره‌ له‌ ئه‌ڵمانیا له‌دایکبوونه‌، به‌ڵام به‌ڕه‌گه‌ز کوردى تورکیان له‌ رۆژى(25/5/2005) مناڵێکیان له‌دایکده‌بێت ناوێکى کوردى لێده‌نێن، به‌ڵام له‌ کاتى تۆمارکردنى ناوه‌که‌ له‌ فه‌رمانگه‌ قه‌بوڵناکرێ به‌ بیانوى ئه‌وه‌ى قونسوڵگه‌رى تورکیا قه‌بوڵى ناکات! خێزانێکى ترى کورد ناسراو به‌ فامیلیه‌ى جوناى دایک و باوک له‌ ئه‌ڵمانیا له‌دایکبوونه‌ و دانیشتووى شارى برێمه‌نن مناڵێکیان ده‌بێت ناوى لێده‌نێن ئارگه‌ش ناوه‌که‌ له‌ تۆمارکردن له‌ فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندیدار ره‌تکرایه‌وه‌!! پرسیار ئه‌وه‌یه‌ لێره‌ له‌ ئه‌ڵمانیا کێ حوکم ده‌کات؟ بێگومان ئێوه‌ى ئه‌ڵمانى، به‌ڵام بۆ راى تورکیا وه‌رده‌گیرێت؟؟
ئێمه‌ له‌(١٦) هه‌رێمى ئه‌ڵمانیا ده‌ستمان به‌م که‌مپینه‌ کردووه‌ زیاتر له‌ (200) رێکخراوى کوردى هه‌رچواربه‌شى کوردستان به‌شدارن له‌ هه‌موو به‌شه‌کانى کوردستانى عێراق و به‌شه‌کانى تریش، و ئێستا وا لێره‌ نوێنه‌رى کورده‌کانى ئه‌رمینیاش له‌م هۆڵه‌ ئاماده‌یه‌، ته‌نانه‌ت پێنج رێکخراوى تورکیش له‌ گه‌ڵمان به‌شدارن، هه‌روه‌ها رێکخراوى پورتوگالى و ئیسپانیش به‌شدارن واته‌ که‌مپینه‌که‌ زۆر فراوانه‌.
مه‌مه‌ت کلیچ په‌رله‌مانتارى سه‌ربه‌ پارتى که‌سک له‌ په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانى وتى: هه‌مووکه‌سێک مافى زمان و کولتور و دانانى ناوى مناڵى هه‌یه‌ ، پرسیاره‌که‌م له‌ به‌ڕێز کۆچ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ده‌توانێ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ زانیارى زیاتربدات؟
ک.هاگمان (سکرتێرى وه‌زاره‌تى ناوخۆى ده‌وڵه‌تى ئه‌ڵمانی) هاته‌ وه‌ڵام، ئه‌وه‌ى من له‌ به‌ڕێز کۆچ تێگه‌یشتم ئه‌و داواى هه‌مان مافى نه‌ته‌وه‌کانى تر (میگرانتن ) ده‌کات، قه‌بوڵکردنى نه‌ته‌وه‌ لێره‌ نیه‌، به‌ڵام هه‌مان ماف هه‌یه‌، سه‌باره‌ت به‌ ناوى مناڵ ئه‌گه‌ر مناڵێک ره‌گه‌زنامه‌ى ئه‌ڵمانى هه‌بێت ئه‌وا سه‌ربه‌ستن هه‌ر ناوێک دابنێن، ئه‌گه‌ر مناڵێک ره‌گه‌زنامه‌ى ئه‌ڵمانى نه‌بێت له‌گه‌ڵ داواى تورکیا که‌ ده‌ڵێ پێویسته‌ ناوى مناڵ له‌گه‌ڵ کلتورى نه‌ته‌وه‌ى تورک بگونجێت ئه‌وه‌ گشتى نیه‌، سه‌باره‌ت به‌ خوێندن به‌زمانى کوردى له‌ هه‌رێمه‌کانى ئه‌ڵمانیا ئه‌وه‌ وه‌ڵامه‌که‌ى له‌ هه‌رێمه‌کان وه‌رده‌گیرێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئیجبارى نیه‌.
ئافره‌تێکى ترى نوێنه‌رى حکومه‌ت هاته‌ وه‌ڵام وتى سه‌باره‌ت به‌ ناوى مناڵان له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ک بووبێت روویدابێت.
سه‌رۆکى فیدراسیۆنى کۆمه‌ڵه‌کوردیه‌کانى ئه‌ڵمانیا وتى: ئه‌ندامانى ئێمه‌ له‌ شارى هامبۆرگ، داوایه‌کى یارمه‌تى ماڵى پێشکه‌ش به‌لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار به‌رێکخراوه‌کانى مه‌ده‌نى کردبوو، به‌ڵام داواکه‌یان ره‌تکرایه‌وه‌ پێیان وتبوون ئێوه‌ سه‌ر به‌ فیدراسیۆنى کۆمه‌ڵه‌کوردیه‌کانى ئه‌ڵمانیان، و ئێمه‌ کاتێک ده‌ستمان به‌ که‌مپینى ناسنامه‌ى کوردى کرد، هه‌فته‌یه‌ک دواتر وه‌زاره‌تى ناوخۆ نوسراوى فه‌رمى بۆ هه‌ر(١٦)هه‌رێمه‌که‌ى ئه‌ڵمانیا نوسیبوو پێیانى راگه‌یاندبوو ئاگاداربن ئه‌وه‌ پڕۆژه‌یه‌ پڕۆژه‌ى فیدراسیۆنى کۆمه‌ڵه‌کوردیه‌کانه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا! پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و که‌مپینه‌ چه‌ندین رێکخراوى جیاوازى تێدا به‌شداره‌ بۆچێ کرمینالیزه‌ ده‌کرێ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى نابراو؟ به‌دیدى حکومه‌ت زۆربه‌ى رێکخراوه‌کانى ئێمه‌ ناشه‌رعین، رێکخراوه‌کانى بوارى وه‌رزش و ئینتگراسیۆن یه‌ک سه‌نت له‌حکومه‌ت وه‌رناگرن به‌م هۆیه‌وه‌! به‌م شێوه‌یه‌ کوردان چۆن ده‌توانن تێکه‌ڵ به‌م کۆمه‌ڵگایه‌ ببن، بۆچێ دواى یه‌ک هه‌فته‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ نوسراو ده‌کات بۆ هه‌موو هه‌رێمه‌کان سه‌باره‌ت به‌که‌مپینى ناسنامه‌ى کوردى، ئایا ئێمه‌ ئه‌و مافه‌مان نیه‌؟؟ ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌ڵمانیا به‌رژه‌وه‌ندى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ تورکیا و ئێمه‌ دژى به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى ئێوه‌ نین، به‌ڵام له‌ هه‌مانکاتدا نامانه‌وێت ئێمه‌ ببینه‌ قوربانى ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌.
ئینگرید رێمارس، ئه‌ندام په‌رله‌مانى سه‌ربه‌ پارتى چه‌پ – دى لینکه‌ پرسیارى له‌ حکومه‌ت کرد به‌م شێوه‌یه‌، بۆ ده‌بێت قه‌ده‌غه‌ له‌سه‌ر پارتى کرێکارانى کوردستان له‌ ئه‌ڵمانیا به‌رده‌وام بێت؟ حکومه‌تى تورکیا له‌رابردوودا خۆى رایگه‌یاندووه‌ که‌ گفتوگۆ له‌نێوان تورکیا و پارتى کریکارانى کوردستان ئه‌نجام دراوه‌، له‌ لایه‌کى تر پارتى کرێکارانى کوردستان و عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان چه‌ندین جار راگرتنی

شه‌ڕ و ته‌قه‌یان راگه‌یاندووه‌ له‌پێناو چاره‌سه‌رى ئاشتى کێشه‌ى کورد، و له‌ ئۆسلۆ گفتوگۆ له‌نێوان هه‌ردوولا ئه‌نجام دراوه‌ له‌ رابردوودا.
بۆ ده‌بێت قه‌ده‌غه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پارتیه‌ لێره‌ به‌رده‌وام بێت هیچ هۆکارێک نیه‌! کێشه‌ له‌نێوان تورکیا و کورده‌ خۆ کێشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا نیه‌! لاوانى کورد بۆ راکێشانى  سه‌رنجى رایگشتى بۆ سه‌ر کێشه‌که‌یان چه‌ند نوسینگه‌یه‌کى راگه‌یاندنه‌کانیان داگیرکرد به‌شێوه‌یه‌کى ئاشتیانه‌ دوور له‌ توندووتیژى، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ حکومه‌تى ئه‌ڵمانى بۆ ئه‌و کاره‌ى لاوانى کوردى به‌ تیرۆر هه‌ژمارکرد؟ بۆ نه‌یوت چالاکانى کورد به‌شێوه‌یه‌کى ئاشتیانه‌ ئه‌و کاره‌یان ئه‌نجام دا؟ یان ئه‌وه‌ى له‌ شارى مانهایم روویدا لاوانى کورد له‌ لایه‌ن پۆلیس ده‌ستبه‌سه‌رکران و به‌تیرۆریست ناوبران پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆ تیرۆریستن هیچیان نه‌کردبوو؟؟
ک.هاگمان (سکرتێرى وه‌زاره‌تى ناوخۆى ده‌وڵه‌تى ئه‌ڵمانی) له‌ وه‌ڵامدا وتى: به‌ تێڕوانینى دیموکراتى ئێمه‌ ئه‌وه‌ى لاوانى کورد لێره‌ کردیان ئه‌وه‌ تیرۆره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى کێشه‌ بۆ پۆلیس دروستده‌که‌ن!!! به‌پێى زانیاریه‌کانى حکومه‌تى ئه‌ڵمانیا له‌ تورکیا کرده‌وه‌ى تیرۆر هه‌یه‌، و به‌ تێڕوانینى ئێمه‌ تورکیا به‌ره‌و دیموکراتیزه‌بوون ده‌ڕوا له‌ڕووى زمان و ته‌له‌ڤیزیۆن و راگه‌یاندن هه‌نگاوى باشى بڕیوه‌!!! سه‌باره‌ت به‌شارى هامبۆرگ ئه‌وه‌ بڕیارى هه‌رێمى هامبۆرگه‌. سه‌باره‌ت به‌ ئینتگراسیۆن حکومه‌تى ئه‌ڵمانى جیاوازى له‌ نێوان هیچ گروپێک ناکات و له‌ ئه‌نجومه‌نى په‌نابه‌ران له‌ شاره‌کان رێکخراوه‌کانى کوردان به‌شدارن، جیاوازى له‌نێوان په‌نابه‌راندا ناکرێ، هه‌ر ناعه‌داله‌تیه‌ک به‌رامبه‌ر به‌ کوردان له‌ ئه‌ڵمانیا بکرێت ئێمه‌ قه‌بوڵیناکه‌ین، سه‌باره‌ت به‌ مافى وه‌رگرتنى یارمه‌تى ماڵى بۆ رێکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌کان و بێبه‌شکردنى رێکخراوه‌ کوردیه‌کان له‌و یارمه‌تیه‌ ده‌توانن سکاڵا له‌ دادگا تۆماربکه‌ن.
سه‌رۆکى فیدراسیۆنى کۆمه‌ڵه‌کوردیه‌کانى ئه‌ڵمانیا له‌ به‌شێکى قسه‌کانى دواتر وتى: ئایینى جۆراوجۆر له‌ناو کورداندا هه‌یه‌ وه‌ک ئیسلام، یه‌زیدی، کریست، مه‌زهه‌به‌کانى سوننه‌، شیعه‌، عه‌له‌وى هه‌موو گروپه‌کان حه‌زده‌که‌ن وه‌ک کورد به‌شدارى دیالۆگى ئایینه‌کان بکه‌ن له‌ ئه‌ڵمانیا که‌ تا ئێستا لێى بێبه‌ش بوونه‌.
کێرستن شتاینکه‌ که‌ سه‌ربه‌ پارتى چه‌پ - دى لینکه‌یه‌ و سه‌رۆکى لیژنه‌ى تایبه‌ت به‌ که‌مپین له‌ په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانى که‌ گفتوگۆ و دانیشتنه‌که‌ى به‌ڕێوه‌برد رووى له‌ ئاماده‌بووان کرد وتى: که‌س پرسیار، تێبینى هه‌یه‌، که‌س پرسیارى نه‌بوو له‌ کاتژمێر (14:56) دواى ئه‌وه‌ى بابه‌ته‌ که‌ یه‌ک کاتژمێرى ته‌واى خایان کۆتایى هات.
شایانى باسه‌ میوانه‌کان زۆربه‌یان کورد بوون که‌ (٧٤)که‌سبوون له‌ ناویاندا ژن و پیاوێکى تامیل – سریلانکى هه‌بوو که‌ بۆ پشتگیرى کوردان هاتبوون ژماره‌یه‌کیش ئه‌ڵمان و تورک و نه‌ته‌وه‌کانى تر هه‌بوون.
دواى کۆتایهاتنى دانیشتنى په‌رله‌مان، ماڵپه‌ڕى فیدراسیۆنى زیندانیانى سیاسى کوردستان راوبۆچوونى چه‌ند به‌شداربوویه‌کى کۆبوونه‌وه‌که‌ى وه‌رگرت له‌ناویاندا پارێزه‌ر دوندار، پارێزه‌ر دوندار که‌ له‌ ئه‌ڵمانیا پیشه‌ى پارێزه‌ره‌ سه‌باره‌ت به‌ وه‌ڵامه‌کانى سکرتێرى وه‌زاره‌تى ناوخۆى ئه‌ڵمانیا وتى: قسه‌کانى سکرتێرى وه‌زاره‌تى ناوبراو ئه‌وه‌ نابێته‌ پێوه‌ر ئه‌وه‌ ته‌نیا بۆچوونێکه‌ به‌ناوى وه‌زاره‌ته‌که‌ى ده‌یدا.
خاتوو حه‌میده‌ ئاکبایه‌ر، ئه‌ندامى پێشووى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانى سه‌ربه‌ پارتى چه‌پ، وتى: ئه‌م دانیشتنه‌ کۆتایى بابه‌ته‌که‌ نیه‌ به‌ڵکو راپۆرتێک به‌رزده‌کرێته‌وه‌ بۆ هه‌موو فراکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مان و دواتر له‌په‌رله‌مان دانیشتنێکى تر ده‌کرێت له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌کانى په‌یوه‌ندیدار به‌م بابه‌ته‌ و ئه‌وه‌ش چه‌ند مانگێکى پێده‌چێت تا ئه‌نجامه‌کان ده‌رده‌چێت.
فیدراسیۆنى زیندانیانى سیاسى کوردستان که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌شداربوو له‌ کاتى به‌ڕێوه‌چوونى دانیشتنه‌که‌ى په‌رله‌مان بۆ گفتوگۆکردنى قه‌بوڵکردنى ناسنامه‌ى کوردى چه‌ند تێبینیه‌ک ده‌خاته‌ڕوو
ژماره‌یه‌ک له‌ پۆلیسى ئه‌ڵمانى به‌ جلى مه‌ده‌نى له‌ناو میوانان له‌سه‌ره‌وه‌ دانیشتبوون، و له‌کاتى ده‌ستپێکردنى گفتوگۆى په‌رله‌مان تا ته‌واوبوو  ژماره‌یه‌ک پۆلیسى مه‌ده‌نى له‌پشت خه‌ڵکه‌که‌ وه‌ستابوون، که‌ دانیشتنه‌که‌ کۆتایى هات له‌خواره‌وه‌ ژماره‌یه‌ک پۆلیس هه‌بوو و له‌ده‌ره‌وه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌. دواى هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ دووسه‌د مه‌تریش دوورتر ژماره‌یه‌ک پۆلیس هه‌بوو
ژماره‌یه‌ک له‌ میوانه‌کان دواى ئه‌وه‌ى به‌ ئۆتۆمۆبێل له‌و شوێنه‌ دوورده‌که‌ونه‌وه‌ ده‌بینن که‌ پۆلیس به‌دوایانه‌وه‌یه‌.

فیدراسیۆنى زیندانیانى سیاسى کوردستان پێى وایه‌ ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌ى پۆلیسى ئه‌ڵمانى زۆر دووره‌ له‌ بنه‌ماکانى دیموکراتى و مافى مرۆڤه‌وه‌ له‌ هه‌مانکاتدا پێشێلکاریه‌ به‌رامبه‌ر به‌ کورد و به‌خودى یاساکانى په‌رله‌مان چونکه‌ له‌ هیچ  وڵاتێکى دیموکراتى پۆلیس ناخزێته‌ ناو میوانانى په‌رله‌مان، به‌تایبه‌تى میوانانى دانیشتنه‌که‌ هه‌ر یه‌کێکیان نوێنه‌رى فیدراسیۆنێک، رێکخراوێک، سازیه‌ک، لایه‌نه‌کى مه‌ده‌نى بوون که‌ بۆ ئه‌م دانیشتنه‌ به‌تایبه‌تى هاتبوون.

به‌ تێڕوانینى فیدراسیۆنى زیندانى سیاسى کوردستان، حکومه‌تى ئه‌ڵمانى گه‌یشته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ى که‌ سه‌ره‌تا ده‌ستیپێکرد، به‌تایبه‌تى که‌ کاتێک سکرتێرى وه‌زاره‌تى ناوخۆى ئه‌ڵمانیا وه‌ک حکومه‌ت وه‌ڵامى پرسیارى په‌رله‌مانتارانى ده‌دایه‌وه‌، له‌برى ئه‌وه‌ى رووى له‌و په‌رله‌مانتاره‌بکات که‌ پرسیاره‌که‌ى کردووه‌ رووى له‌ مـیوانه‌کان ده‌کرد که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ دانیشتبوون و به‌پڕاکتیک دیتى، کوردى هه‌رچواربه‌شى کوردستان به‌شداریانکرد له‌ سه‌رکه‌وتنى که‌مپینى ناسنامه‌ى کوردى که‌ بووه‌ هۆى روخاندنى سنوره‌ ده‌ستکرده‌کانى نێوان چواربه‌شى کوردستان.

FPPK
18.10.2012