زیندانی سیاسی و پێشمه‌رگه‌ی دێرین شه‌ریف كه‌شكۆڵ

  English    -   Deutsch  -  kurdi   -    كوردی   -   فارسی                                                        

زیندانی سیاسی و پێشمه‌رگه‌ی دێرین شه‌ریف كه‌شكۆڵ پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی

زیندانی سیاسی و پێشمه‌رگه‌ی دێرین شه‌ریف كه‌شكۆڵ ، له‌ سه‌رده‌می لاوی دا كه‌ ته‌مه‌نی له‌ 18 ساڵ كه‌متر بوه‌ به‌ هۆكاری سیاسی و كوردبوون زیندانی كراوه‌ دوای ئازادبوونی ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دوو جاریش بریندار كراوه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێك دا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕه‌كه‌مان دا به‌م شێوه‌یه‌ بۆمان دوا :

F.P.P.K-زیندانی سیاسی كورد كاك شه‌ریف به‌ڕێزت ده‌توانی زیاتر خۆت به‌ خوێنه‌رانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌مان بناسێنی ؟

شه‌ریف كه‌شكۆڵ -  من شه‌ریف ئه‌حمه‌د عه‌بدولرحمان ناسراو به‌ شه‌ریف كه‌شكۆڵ له‌ دایكبووی 12/9/1962 ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌م ، لەووڵاتی نەمسا دەژیم.

F.P.P.K -  به‌رێزت زیندانی سیاسی و پێشمه‌رگه‌ بویت ده‌توانی باسی قۆناغی زیندان بكه‌یت؟

شه‌ریف كه‌شكۆڵ - مانگی ئایاری ساڵی 1977 شاڵاوێكی گرتن و ڕاوه‌دوونان هه‌ڵه‌بجه‌ی گرته‌وه‌ كه‌ بووه‌ هۆی گیرانی كۆمه‌ڵێك گه‌نج و قوتابی و مامۆستا و چین و توێژه‌كانی ناوچه‌كه‌ ئه‌مه‌ش دوو هۆكاری هه‌بوو

یه‌كه‌م : به‌ هۆی ته‌سلیم بوونه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌ ناوی عوسمان عه‌لی وه‌لی ئه‌ویش بوه‌ هۆی گرتنی كه‌سێكی تر به‌ ناوی ئیبراهیم حه‌سه‌ن كه‌ نوێنه‌ری رێكخراوی ڕه‌نجده‌ران بوو له‌ شاری سلێمانی . ئیبراهیم حه‌سه‌ن ئیعترافی له‌سه‌ر وه‌ستا ئه‌نوه‌ری مامم كرد و مامم گیرا به‌ هه‌مان شێوه‌ ئیبراهیم ئیعترافێكی بێ وێنه‌ی له‌سه‌ر چه‌ندین كه‌س كرد . . . ته‌نانه‌ت ئیعترافی له‌سه‌ر براو خزمه‌كانی خۆشی كردبوو . ئه‌مه‌ش بوه‌ هۆی گیران و له‌ سێداره‌ دانی چه‌نده‌ها كه‌س

دووه‌م : گیرانی تۆفیقی ڕه‌عنا یان ته‌سلیم بوونه‌وه‌ی كه‌ تا ئه‌مڕۆ بۆم رۆن نیه‌ چۆنه‌ وه‌ هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌مان ناسراو بوین به‌وه‌ی كه‌ دژی ڕژێمی به‌عس بوین من و باوكم له‌ كاتژمێر 9ی ئێواره‌ی 17/5/1977 له‌ لایه‌ن مه‌فره‌زه‌یه‌كی ئاسایشی ڕژێم گیراین ، ئه‌و كاته‌ش كاتی تاقی كردنه‌وه‌ی سه‌ری ساڵ بوو منیان برد بۆ ئاسایشی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌وێ هاوڕێیه‌كم به‌ ناوی ئایاری مه‌لا حه‌سه‌ن گیرابوو ، له‌سه‌ره‌تا زۆر ترسام كه‌ ئیعترافی له‌سه‌رم كردبێت به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ هیچی نه‌وتبوو ده‌رباره‌ی ڕێكخستن ، له‌ دوای مانه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی 2 هه‌فته‌ له‌ ئه‌منی هه‌ڵه‌بجه‌و سلێمانی هه‌موو جۆره‌ لێدانێكمان چه‌شت لێدان به‌ كێبڵ و كاره‌با و شه‌ق و هه‌ڵواسین هیچمان نه‌دركاند پاشان به‌ ئازارترین لێدان كه‌ تا ئه‌مڕۆش شوێنی دیاره‌ سوتاندنی بن باڵم بوو له‌ ڕێگه‌ی هێلكه‌ی كوڵاو یان هێلكه‌ی سوره‌وه‌ كراو به‌ بن باڵم دا ته‌قاندیان ئه‌وه‌ش بوه‌ هۆی سوتانی بن باڵم و پێكه‌وه‌ لكانی به‌ یه‌كه‌وه‌ ، پاش ئه‌م هه‌موو لێدان و ناخۆشیه‌ گواسترامه‌وه‌ بۆ فرقه‌ی سلێمانی كه‌ نزیك كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی بوو له‌وێش گه‌یشتم به‌ چه‌نده‌ها هاوڕێ و دۆست و كه‌س و كارم له‌وانه‌ :

1- شه‌هید وه‌ستا ئه‌نوه‌ری مامم

2- باوكم ئه‌حمه‌د عبدالرحمن

3- عومه‌ر حه‌مه‌ساڵح - عومه‌ر شیره‌مه‌ڕی

4- عوسمان عه‌بدوڵا - عوسمانی عه‌به‌ڕیشی سور

5- ئه‌كره‌م غه‌ریب حه‌مه‌ساڵح

6- عه‌زیز ڕه‌شید عه‌زیز

7- به‌ختیار ئه‌نوه‌ر میرزا تۆفیق

8- ئه‌دهه‌م مه‌لا عه‌لی - ئه‌مڕۆ ڕائیده‌ له‌ ئاسایشی سلێمانی

9- سه‌ردار ڕه‌شید ئه‌حمه‌د - ئه‌ندام په‌رله‌مانی كوردستانه‌

10- شه‌هید ئه‌نوه‌ر موهه‌ندیس - له‌ سێداره‌ درا

11- سه‌ڵاح محه‌مه‌د ناسراو به‌ سه‌ڵاح حه‌مه‌ چاوه‌ش

12- نوری مام عه‌دل

13- جه‌لال عه‌بدولڕه‌حمان

14 نه‌به‌ز - خه‌ڵكی گوندی سازانه‌

15- عه‌لادین - خه‌ڵكی گوندی سازانه‌

هه‌ر له‌وێ چه‌نده‌ها خه‌ڵكی تر گیرابوون خه‌ڵكی سلێمانی بوون به‌ڵام من كه‌میانم ده‌ناسین ، له‌ وانه‌ی كه‌ ناسراوی ئێمه‌ بوون شه‌هید شێخ كه‌مال شێخ محه‌مه‌د و كاوه‌ی برای شه‌هید شێخ كه‌مال بوو .

پاش 24 ڕۆژ مانه‌وه‌مان ڕۆژانه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌دراین هه‌ندێك جار پێش نیوه‌ڕۆ هه‌ندێك جاریش پاش نیوه‌ڕۆ ، له‌به‌رزۆری ژماره‌ی زیندانیه‌كان و  كه‌می كات بۆ لێپرسینه‌وه‌ ناله‌بارترین و دڕنده‌ترین شێوازی ئه‌شكه‌نجه‌یان په‌یڕه‌و ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی زوو ئیعترافمان پێ بكه‌ن . به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئێمه‌ ڕقی پیرۆزمان زیاتر به‌رز ده‌بۆوه‌ ، باوه‌ڕبوونمان به‌ خۆمان ڕۆژانه‌ به‌رزتر ده‌بۆوه‌ من به‌ش به‌ حاڵی خۆم گه‌وره‌ترین هۆكار بۆخۆڕاگریم وه‌ستا ئه‌نوه‌ری مامم بوو كه‌ به‌ ووته‌ ناوداره‌كه‌ی ده‌یوت (هاوڕێكانتان بڕوایان پێتانه‌ ئێوه‌ش ئه‌و بڕوایه‌ مه‌دۆڕێنن ) ، ئه‌وه‌ ببوو به‌ داینه‌مۆ بۆ خۆڕاگرتنم هه‌رچه‌نده‌ باڵه‌كانم نوسابون و شوێنی سووتانی جگه‌ره‌وه‌ و هێلكه‌ی بن باڵه‌كانم زۆر ئازاری ئه‌دام به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ خۆم ڕاگرت پاش ئه‌و ماوه‌یه‌ ئێمه‌یان برد بۆ هه‌یئه‌ی خاسه‌ی كه‌ركوك به‌ بینینی ئه‌و شوێنه‌ مرۆڤ تووشی نه‌خۆشی ده‌رونی ده‌بوو ئه‌گه‌ر خاوه‌ن بیر و هۆشێكی به‌هێز نه‌بوایه‌ ، چونكه‌ چه‌ند خانوێكی بچووك بوو حه‌وشه‌ی خانووه‌كان لایه‌كی هه‌موو جل و به‌رگ و پێڵاوی زیندانیه‌كان بوو كه‌ هه‌ندێكیان له‌وێ شه‌هید كرابوون ژووره‌كان هیچیان په‌نجه‌ره‌یان نه‌بوون زۆر ته‌سكببوون و بێ هه‌واكێشبوون له‌و هه‌یئه‌ شوومه‌ی كه‌ركووك مامم ئه‌نوه‌ر عبدالرحمن ناسراو به‌ وه‌ستا ئه‌نوه‌ر له‌ به‌رواری 30/6/1977 شه‌هید كرابوو ئه‌وه‌ی شایه‌نی باسه‌ من نه‌مزانی بوو شه‌هید كراوه‌ تا ماوه‌یه‌كی زۆر ، له‌ هه‌یئه‌ی كه‌ركووك زانیمان هه‌ر ئێمه‌ زیندانی نین به‌ڵكوو چه‌نده‌ها خه‌ڵكی تر له‌ ناوچه‌ جیا جیاكانی تری كوردستانه‌وه‌ زیندانی كراون به‌ هۆی ئایدۆلۆجیای سیاسی وه‌ك و پارتی دیموكراتی كوردستان ، حزبی شوعی ،  پاسۆك ، ڕه‌نجده‌ران و خه‌ڵكی تری هه‌ژار و جوتیاران به‌ هۆی نان دان و هاوكاری پێشمه‌رگه‌ گیرابوون ئه‌وه‌ی بیرم بێت یه‌كێ له‌وانه‌ شه‌هید عومه‌ر چاوجوان خه‌ڵكی بناری سورێن بوو تا بڵێی كوڕێكی جوان خاس و ده‌نگخۆش بوو له‌ سێداره‌ درا ، من له‌وێ به‌ شه‌هید ئازادی مه‌لا ئاشنا بووم ئه‌و ناوی منی ده‌زانی به‌ هۆی په‌یوه‌ندیه‌وه‌ به‌ مامم كه‌ سه‌ركرده‌ی یه‌كه‌م مه‌فره‌زه‌ی سه‌ره‌تایی شۆڕش بوو مه‌حمه‌دد عبدالرحمن ناسراو به‌ شێخ عه‌لی ، هه‌ر له‌ هه‌یئه‌ی كه‌ركووك ئاشنای شه‌هید ئازاد مسته‌فا و مامۆستا فه‌رهاد عه‌بدولڕه‌زاق بووم كه‌ دوو سه‌ركرده‌ی ڕێكخراوی پاسۆك بوون پاشانیش ڕۆژانی 22،23،24 به‌ كۆمه‌ڵ دادگایی كراین پێم وایه‌ ڕۆژی 22ی مانگ بوو ، 14 كه‌سمان به‌ ئیعدام حوكم دراین هه‌ندێك له‌و ناوانه‌ بیرم مابێت ئه‌مانه‌بوون

1- شه‌هید ئه‌نوه‌ری موهه‌ندیس

2- شه‌هید عومه‌ر چاوجوان - خه‌ڵكی بناری سورێن

3- موهه‌ندیسێكی خه‌ڵكی سلێمانی بوو كه‌ ناوه‌كه‌یم بیر نه‌ماوه‌

منیش به‌ دوو ساڵ حوكم درام به‌ پێی مادده‌ی 157 ی یاسای عێراقی و پاشان گواسترامه‌وه‌ بۆ (مدرسة تدریب فتیان ) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ منداڵ بوین نه‌یان بردین بۆ ئه‌بوو غرێب ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ من بوون ئه‌مانه‌ن :

1- عوسمان عه‌بدوڵا - دوو ساڵ حوكم درا

2- كاوه‌ شه‌ریف - دوو ساڵ حوكم درا

3- به‌ختیار ئه‌نوه‌ر میرزا - یه‌ك ساڵ حوكم درا

4- ئه‌كره‌م غه‌ریب حه‌مه‌ساڵ - یه‌ك ساڵ حوكم درا

من و عوسمان عه‌بدوڵا و كاوه‌ شه‌ریف زیاتر له‌ حوكمه‌كه‌ی خۆمانمان ته‌واو كرد ، ئه‌وه‌ی شایه‌نی باسه‌ ئێمه‌ له‌وێ له‌ زیندان توانیمان پۆلی سێی ناوه‌ندی ته‌واو بكه‌ین و بچینه‌ دوا ناوه‌ندی ئیبن خه‌لدون ، هه‌رچه‌نده‌ من ئه‌و به‌ڵگه‌نانمه‌م نه‌ماوه‌ به‌ڵام كاك عوسمان عه‌بدوڵا شاهێده له‌ (مدرسة تدریب فتیان ) پێش ئێمه‌ هێرش محه‌ڕه‌م محمه‌ده‌مین كه‌ ئه‌مڕۆ وه‌زیره‌ له‌ هه‌ڕێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مین جه‌باری ، به‌كر ڕه‌شید ، كه‌ریم كه‌ ئه‌وانه‌ ڕه‌نجده‌ران بوون له‌وێ بوون .

له‌ (مدرسة تدریب فتیان ) پاشان چه‌ند كه‌سێكی تر هاتنه‌ ئه‌وێ له‌وانه‌ چه‌ند كه‌سێك خه‌ڵكی هه‌ولێر و شه‌قڵاوه‌ و ده‌شتی كۆیه‌ ناوچه‌ی شلێر بوون هه‌ندێك له‌ ناوه‌كان كه‌ بیرم ماوه‌

1- ئه‌نوه‌ر دڵیاوه‌یی

2- عه‌زیز گۆمه‌شینی كه‌ له‌گه‌ڵ شه‌هید سه‌عید گچكه‌ پێشمه‌رگه‌ بوو له‌ شه‌ڕی ده‌شتێ گیرابوو

3- زرار مه‌لا گچكه‌ خه‌ڵكی شه‌قڵاوه‌

4- ئیبراهیم خه‌ڵكی شه‌قڵاوه‌

5- تاریق خه‌ڵكی شه‌قڵاوه‌

6- خالید خه‌ڵكی شه‌قڵاوه‌

7- فه‌همی خه‌ڵكی سلێمانی - پاش ئازادبوونی شه‌هید كرا

منیش پاش ته‌واو بوونی ماوه‌ی زیندانیم به‌ زیاده‌وه‌ دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م چوومه‌ ده‌ه‌وه‌ بوومه‌ پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان.

F.P.P.K:بەڕێزت خاوەن ئەزمونی زیندانی باسەکەت سەرنج ڕاکێشە ، بەڵام هەڵوێستی حکومەتی کوردستان بەرامبەر بەتێکۆشەرانی زیندان جۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی ؟

شەریف کەشکۆڵ – هەڵوێستی حکومەتی هەرێم بەپێی پێویست نیە بەرامبەر بە زیندانیانی سیاسی ، پلە و پۆستیش خەڵکی گۆڕیوە ، هەیە هاوخەباتم بووە لە زیندان یان لەپێشمەرگایەتی بەڵام بەهۆی پلە و پۆست خۆی بەگەورەتر دادەنێ لە هاوخەباتەکانی ، جگەلەوەش خەڵکانێک هەن کاتی خۆی جاش بوون بەشداری ئەنفالیانکردوە یان بەعسی بوون بەڵام ئەمڕۆ لەسایەی حکومەتی کوردیدا بەرپرسن ، خەباتکاران و تێکۆشەرانی دێرین دەبیت پرس بەو خەڵکانە بکەن!!! وە خەڵکانیک هەن ڕاستە خاوەن خەباتن بەڵام خۆیان پێگەورەترە لە نەوەی نوێ نیشتمانپەروەرییان بەسەردادەفرۆشنەوە ، پێم وایە نەوەی نوێ ئەگەر خاوەن خەباتیش نەبێت تاوانی نیە دوای ڕاپەڕین لەدایک بووە ، خەباتکارانی دێرین کەخەباتمان کردوە بۆ خاک و نەتەوەکەمان بێبەرامبەر کردومانە لەبەر ئەوە پێویست بە موزایەدەکردن لەسەرخەڵک ناکات.

F.P.P.K:  بەڕێزت ئایا وەکو زیندانیەک لەکۆمکاری زیندانیانی سیاسی کوردستان ئیش و کارەکانت ڕاهیکراوە بۆ ئەوەی بەپێی یاسا ماف و ئیمتیازەکانت بۆ دابین بكرێت ؟

شەریف کەشکۆڵ – لەڕاستیدا من چەند تێبینیەکم هەیە لەسەر بابەتی ماف و ئیمتیازات و دەستنیشانکردنی زیندانی سیاسی ڕاستەقینە لەوانەش: خەڵکانیک هەن 3مانگ یان 6 مانگ ڕاگیراون (تەوقیف) بوون  بەدژاواری ئەشکەنجەدراون کەچی بەزیندانی حیساب ناکرین ، هەرچەند لەکاتی لێکۆڵینەوە بریندارکراون بەهۆی ئەشکەنجەی دژوار ، یان کەم ئەندامبوونە بەهۆی خۆڕاگری کە ئیعترافیان نەکردووە ، من پێم وایە ئەوانە مافی خۆیانە سوودمەند بن . زۆر جار دەڵێن بڕۆ بۆ بەغداد بەڵگەنامە بێنە چ پێویست دەکات من بچم بۆ بەغداد کە لەکوردستان پەرلەمان و حکومەت هەیە سەرۆکی پەرلەمان خۆشی زیندانی بووە ، یان داوای بەڵگە دەکەن لەهەموو جیهان بەڵگەنامە بریتیە لە وێنە و فیلم و شوێنەواری ئەشکەنجە لەسەر لەشی زیندانیەکە ئەوەش بەڕای من باشترین بەڵگەیە ، لە ووڵاتانی وەکو نەمسا و ئەڵمانیا کەم ئەندام پلەی بۆ دادەنرێت کەچی لەکوردستان پلەی کەم ئەدامیەکە وەکو خۆی داینانێن بەڵکو کەمی دەکەنەوە، خاڵێکی تریش ئەوەیە لەدەرەوەی ووڵات ئەوانەی پێشمەرگەی دێرینن هەموو شتێکیان بۆ جێبەجێدەکرێت هەتا ئەگەر ئەوکەسە دانیشتووی ئەوروپاش بێت بەڵام بۆ زیندانیە سیاسیەکە هیچ شتێکی بۆ ناکرێت لەئەوروپا ، لەبەر ئەوە پێویستە حکومەتی کوردی چارەسەری ئەو بابەتە بکات .

F.P.P.K – زیندانی سیاسی شەریف کەشکۆڵ بەناوی ستافی ماڵپەڕەکەمان زۆر سوپاسی بەڕێزت دەکەین بۆ وەڵام دانەوەی پرسیارەکان و تێبینیەکانت.

شەریف کەشکۆڵ – منیش زۆر سوپاسی ئێوە دەکەم بۆ بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتەو سوپاس بۆ ئەرک و ماندووبوونتان زۆر خۆشحاڵبووم سەرکەوتووبن.

چه‌ند وێنه‌یه‌كی شه‌ریف كه‌شكۆڵ و هاوڕێیانی له‌ زیندان دا

 

 

پێشمه‌رگه‌ی دێرین شه‌ریف كه‌شكۆڵ

سازدانی - فوئاد زیندانی

F.P.P.K

30.08.2012