دنیا له‌ به‌رامبه‌ر ره‌فتاره‌ فاشیسته‌کانى تورکیا بێ‌ده‌نگه‌

  English    -   Deutsch  -  kurdi   -    كوردی   -   فارسی                                                        

دنیا له‌ به‌رامبه‌ر ره‌فتاره‌ فاشیسته‌کانى تورکیا بێ‌ده‌نگه‌ پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی

چەترپرێس

فوئاد زیندانی

له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونى کات تاوانه‌کانى ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌ستى تورک دژ به‌ گه‌لى کورد له‌ باکورى کوردستان و تورکیا په‌ره‌ ده‌سێنێت.
کرداره‌ فاشیسته‌کانى حکومه‌تى تورکیا بوونه‌ به‌ ناسنامه‌ى راسته‌قینه‌ى ده‌سه‌ڵات و حکومه‌تى تورکى ، حکومه‌تێک که‌ رۆژانه‌ سیاسه‌تى ده‌ستبه‌سه‌رکردن و کوشتنى مناڵان و ده‌ستدرێژیکردنه‌ سه‌ر ژن و مناڵانى کورد له‌ زیندانه‌کان و هێرشى سه‌ربازى و بۆمبارانکردن له‌ دژى نه‌ته‌وه‌ى کورد پیاده‌ ده‌کات، هاوته‌ریب خۆى وا نیشان ده‌دات که‌ چاره‌سه‌رى کێشه‌ى کورد ده‌کات به‌ شێوه‌یه‌کى دیموکراتى له‌ و وڵاته‌. له‌ ره‌فتاره‌کانى رابردووى پۆلیس و هێزه‌کانى ئاسایشى ده‌وڵه‌تى تورک دره‌ده‌که‌وێت که‌ تیرۆرى ده‌وڵه‌ت به‌شێوه‌یه‌کى سیسته‌ماتیک په‌یڕه‌و ده‌کرێت به‌ شێوه‌یه‌ک ره‌فتاره‌ فاشیسته‌کانى ئه‌و حکومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستێکى هه‌ره‌به‌رز، له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو پۆلیسى تورک له‌ شارى وان و ده‌وروبه‌رى ماڵى چه‌ندین شاره‌دارى به‌ده‌په‌یان پشکنى و سه‌رۆک شاره‌وانى شارى وان بۆ ماوه‌یه‌کى کورت ده‌ستبه‌سه‌رکرا، وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ده‌په‌ى شارى وان و به‌گشتى شه‌ش شاره‌داریان ده‌ستبه‌سه‌ر کرد. له‌ لایه‌کی تر ته‌رمى ئایدین کابا شاره‌دارى شارۆچکه‌ى لیزاى موش له‌ زیندانى موش له‌ به‌ندى (E) وه‌رگیرایه‌وه‌ که‌به‌هۆى گوشاره‌کانى ناو زیندان دڵى له‌ لێدان که‌وتبوو گیانى له‌ ده‌ستدا بوو، له‌ گه‌ڤه‌ریش پۆلیسى تورک به‌بێ هۆکار خوێندکارێکى کوردى ته‌مه‌ن پانزه‌ ساڵیان کوشت که‌ ناوى ئۆزگور تاشار بوو ، ناوبراو به‌هه‌موو پێوه‌رێک به‌مناڵ هه‌ژمارده‌کرێت چونکه‌ ته‌مه‌نى له‌ هه‌ژده‌ ساڵ که‌متربوو. هه‌رله‌و چه‌ند رۆژى رابردووش به‌ده‌یان خوێندکارى کورد له‌ شاره‌کانى ئامه‌د و ماردین و ئه‌سته‌نبۆڵ و ئه‌نقه‌ره‌ و شوێنه‌کانى تر ده‌ستبه‌سه‌رکراون. به‌دڕه‌وشتى حکومه‌ت و ده‌وڵه‌تى تورک له‌ ئاستێکدایه‌ دووره‌ له‌ هه‌موو ئه‌خلاقیاتى مرۆیى و ئایینى و پێوره‌کانى نێوده‌وڵه‌تى به‌ڵگه‌ش زۆرن له‌ مباره‌وه‌ له‌ وانه‌ش ژنانى کورد که‌به‌هۆکارى سیاسى ده‌ستبه‌سه‌رکراون له‌ زیندانه‌کانى گرتووخانه‌ى شاکرا له‌ ئه‌زمیر له‌ لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانى گرتووخانه‌که‌ رووتده‌کرێنه‌وه‌ و له‌ به‌رچاوى پۆلیسه‌کان هاتووچۆیان پێده‌کریت، ئه‌و به‌ندیخانه‌یه‌ش له‌ سه‌رده‌مى ئه‌ردۆغان دروست کراوه‌. ئه‌ردۆغان به‌ لێدوانه‌کانى تورکیاى کردووه‌ به‌ شوێنى گه‌شانه‌وه‌ى ئابوورى سیسته‌مى دیموکراتى و مافى مرۆڤ و به‌رگریکار له‌ ناسنامه‌ى ئیسلام، به‌ڵام له‌ ریالیستدا سه‌دیسه‌د پێچه‌وانه‌یه‌. ئه‌وانه‌ى له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێکرد کردارى فاشیستانه‌ى حکومه‌ته‌که‌ى ئه‌ردۆغانه‌ ته‌نها له‌ ماوه‌ى که‌متر له‌ هه‌فته‌یه‌کدا دژ به‌ گه‌لى کورد له‌و وڵاته‌دا. ویژدانى مرۆڤایه‌تى خه‌وتووه‌ به‌تایبه‌تى وڵاتانى سه‌رمایه‌دارى زلهێز و وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌کان و به‌هه‌مان شێوه‌ش پارته‌ ئیسلامیه‌کان له‌ ئاستى جیهان و پارته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئیسلامییه‌کان له‌ ئاستى چوار به‌شى کوردستانیش سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ئه‌م هه‌موو تاوانانه‌ ده‌یبینن نه‌ک هه‌ر پرۆتستۆى ناکه‌ن به‌ڵکو ئه‌گه‌ر لایه‌نگرى سیاسه‌ته‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکیا و ئه‌ردۆغانیش نه‌بن به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ریدا بێده‌نگن. پێویسته‌ مرۆڤ بێنێته‌ پێش چاویخۆى ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو تاوانانه‌ى ده‌وڵه‌تى تورک و حکومه‌ته‌که‌ى ئه‌ردۆغان به‌رهه‌مى ماوه‌ى که‌متر له‌ هه‌فته‌یه‌ک بێت، ئایا له‌ ماوه‌ى داهاتوو ده‌بێ ئاستى تاوانه‌کان دژ به‌گه‌لى کورد له‌ و وڵاته‌دا چه‌ند و چۆن بێت یا به‌ کوێ بگات.

F.P.P.K

12.06.2012