پێوویستە حکومەتی ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی(ڕامین حسێن) هەڵوەشێنێتەوە

  English    -   Deutsch  -  kurdi   -    كوردی   -   فارسی                                                        

پێوویستە حکومەتی ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی(ڕامین حسێن) هەڵوەشێنێتەوە پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی

کاربەدەستانی گرتووخانەی ناوەندی شاری سنە مانگی ڕابردوو ڕایانگەیاندبوو کە دوای مانگی ڕەمەزان سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدانی زیندانی سیاسی کورد(ڕامین حسێن پەناهی) جێبەجێدەکەن، سەرباری ناڕەزایەتییەکان لەئاستی بەشە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران و هەندەران، کۆماری ئیسلامی ئێران هێشتا بڕیاری لەسێدارەدانی ناوبراوی هەڵنەوەشاندۆتەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان- بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەهەواڵێکدا کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕۆژنامەی هەمشەهری(همشهری) بە زمانی فارسی بڵاوبۆتەوە تیاییدا هاتووە: بەرپرسی باڵای دادوەری ئێران نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی ناردووە، داوای ئازادکردنی(٥٣٧) کەسیکردووە کە لە گرتووخانەکانی ئێران دەستبەسەرن، پاشان خامنەیی قەبوڵیکردووە و واژووی کردووە کە ئەو ژمارەیەی گیراوان ئازادبکرێن.

سەبارەت بەو لێبوردنە و بارودۆخی(ڕامین حسین پەناهی) فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئازادکردنی مرۆڤەکان لە زیندانەکان کارێکی باشە، بەڵام بۆ ژمارەی زۆری گیراوان لە ووڵاتێکی وەک ئێران، ئەو ژمارەیە زۆر بچووکە بۆیە فیدراسیۆن داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات:

- بڕیاری لە سێدارەدانی زیندانی سیاسی کورد(ڕامین حسێن پەناهی) بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ هەڵبوەشێنێتەوە و ئازادبکرێ.

- ڕاگرتن و نەهێشتنی جێبەجێکردنی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان لە ئێران.

- ڕاگرتن و نەمانی ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی کردنە سەر گیراوان و بەزۆر سەپاندنی تۆمەت لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا.

- لێبوردنی گشتی ڕابگەیەندرێ ببێتە هۆی سپیکردنەوەی گرتووخانەکان واتە ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی کوردستان و ئێران، بەتایبەتی زیندانیانی سیاسی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەرداسەپێندراوە بەبێ جیاوازی ڕەگەزی، هەرەها چارسەرکردنی زیندانیانی نەخۆش تا ئازادکردنیان.

فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان

FPPK

16.06.2018