دوو سەد ساڵەی یادی کاڕڵ مارکس

  English    -   Deutsch  -  kurdi   -    كوردی   -   فارسی                                                        

دوو سەد ساڵەی یادی کاڕڵ مارکس پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی

ئا: فوئاد زیندانی

فەیلەسوف و ئابووریناس و سۆسیۆلۆگ و نووسەر(کاڕڵ مارکس) لەدایکبووی(5) ی گوڵانی ساڵی(١٨١٨) ی شاری(تریر) ی ئەڵمانیایە.

 

ساڵیادی دوو سەد ساڵەی لەدایکبوونی مارکس بە ئاماددەبوونی جێگری وەزیری نوسینگەی زانیاریەکانی ئەنجوومەنی ووڵاتی(چین) و جێگری سەرۆک پەرلەمانی ئەڵمانیا و باڵوێزی ئەڵمانیا لە پەکین و باڵوێزی چین لەبەرلین، هەروەها ئاماددەبوونی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا و ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەڵمانیا و سەرۆکی هەرێمی ڕاینلاندفاڵسی ئەڵمانیا و سەرۆک شارەوانی شاری(تریر) و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان و باوەڕمەندانی مارکسیزم و چالاکوانان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەشاری تریر دەستیپێکرد.


ستاتۆی کاڕڵ مارکس کە لە ووڵاتی چین لە بڕۆنز دروستکرابوو پێشکەش بە شاری(تریر) شوێنی لەدایکبوونی مارکس کرابوو، لەمەراسیمێکدا کە لە گۆڕەپانی(پۆرتا نیگرا) ڕێکخرابوو ووتەی بەخێرهاتن پێشکەشکرا، پاشان سەرۆک شارەوانی شاری تریر بەفەرمی بەخێرهاتنی مێوانانی کرد، دواتر جێگری وەزیری ووڵاتی چین ووتەیەکی دورودرێژی پیشکەشکرد، لە کۆتایی ووتەکاندا دوای کاتژمێر یازدە و نیوی پێشنیوەڕۆ پەردە لەسەر ستاتۆی کارڵ مارکس لادرا.


باوەڕمەندانی مارکسیزم کە لەئەندامانی پارتی کۆمۆنیستی ئەڵمانی و ژمارەیەک کۆمۆنیستی ووڵاتانی لۆکسەمبۆرگ و بەریتانیا و فەڕەنسا و لایەنگر و ئەندامانی پارتی چەپ- دی لینکەی ئەڵمانی و چەندین گروپی مارکسی جیاواز پێکهاتبوون ئەو ڕۆژە کاتژمێر نۆ و نیوی پێشنیوەڕۆ ڕێپوانێکیان ئەنجامدا تا گەیشتن بە گۆڕەپانی(پۆرتا نیگرا) شوێنی دانانی  ستاتۆی مارکس، ئامانج لە ڕێپێوانەکە پێداگریکردن بوو لە سەر هزری مارکسی و دژایەتیکردنی سیستەمی سەرمایەداری. پۆلیسی ئەڵمانیا بەشداربوانی ڕێپێوانی چەپەکانی بەشێوەی بازنەیی گەمارۆ دابوو، نەیدەهێشت خەڵکی تر بچێتە ڕیزی خۆپیشاندانی چەپەکان، بۆیە هەزاران کەسی مارکسی بێبەشبوون لە بەشداریکردنی خۆپیشاندانەکە. لەکاتی لادانی پەردە لەسەر ستاتۆی مارکس، ووتنەوەی دروشم بەدەنگی بەرزی چەپەکان گۆڕەپانەکەی هەژاند.

لەبەرامبەردا ژمارەیەکی بچووک لە کەسانی ڕاستڕەو لە دژی مارکسیزم و ووڵاتی چین و پەنابەرانی بێگانە لەئەڵمانیا دروشمیان دەگوتەوە.

ژمارەیەکی یەکجار زۆر خەڵک بەبۆنەی دوو سەد ساڵەی یادی(کاڕڵ مارکس) ڕوویان لە شارەکە کردبوو، شارەکە قەرەباڵغیەکی زۆری پێوەدیاربوو، هەر لە چوارچێوەی پرۆگرامی ساڵیادەکەدا جگە لە لادانی پەردە لەسەر ستاتۆی مارکس، چوار مۆزەخانە کە یەکێکیان ماڵی کاڕڵ مارکس بوو دەرگایان بۆ پێشوازی لە مێوانانی مارکس کراوەبوو.

هەر بەو بۆنەوە چەندین کۆڕ و سیمینار لەلایەن باوەڕمەندانی چەپ لە شارەکە ڕێکخرابوو، هەروەها گروپی موزیک بەردەوامبوو لە پێشکەشکردنی بەرهەمە هونەرییەکان.


لە ناو خانوەکەی کە مارکس تیایدا ژیابووە، گروپێک ژن سروودی ئینتەرناسیونالیان دەگوتەوە، لە ژورە جیاوازەکانی خانووەکە بیۆگرافی کاڕڵ مارکس، پەرتوکەکانی مانفیستۆی پارتی، سێ بەرگەکەی کاپیتال لەناو جامخانە داندرابوون، هاوکات ئەو کورسیەی کە کاتی خۆی مارکس لە شاری لەندەن لەکاتی پەرتوک خوێندنەوەدا لەسەری دانیشتوە لەیەکێک لە ژوورەکان داندراوە، هەروەها کاتژمێرەکەی مارکس و وێنەی خێزانەکەی و جێنای هاوژینی لە پەرتوکێکدا داندراوە. بەهەمان شێوە ستاتۆی مارکس و ئەنجلس و وێنەی هەردوکیان پێکەوە داندراوە.

لە حەوشەی ناوەوەی خانوەکە ستاتۆی مارکس داندراوە، لە باخچەی حەوشی دواوەی خانووەکەدا چەند ستاتۆیەکی کاڕڵ مارکس داندراوە. بەهۆی قەرەباڵغی دەبوایە گروپ دوای گروپ خەڵک بچنە ژورەوە. خانوەکەی مارکس لە شەقامی(بڕوکن شتراسە) ژمارە(10) یە.


مرۆڤ کاتێک سەردانی خانوەکەی مارکس دەکا هەست بە ئاسودەیی دەکات، بەتایبەتی بلیمەتی مارکس کە ببووە هۆی ئەوەی ئەو هزرە زانستیە بە هەموو جیهاندا بڵاو ببێتەوە.

کاڕڵ مارکس لەتەمەنی لاویدا دەچێتە زانکۆی شاری بۆن دواتر دەچێتە زانکۆی بەرلین، مانیفێستۆی لە شاری بڕۆکسل پایتەختی بەلجیکا نوسیوەتەوە. سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر سێ بەرگەکەی(کاپیتال- سەرمایە)ی نووسیوە.

مارکس ئەڵمانیا جێدەهێڵێ دەچێتە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، ساڵی 1881(جێنا) ی هاوسەری مارکس لەوێ کۆچی دوایکرد، ئەوەش کاریگەری لە ژیانی مارکس دەکا دوای دوو ساڵ واتە لە ساڵی(1883) دا کاڕڵ مارکس لە لەندەن کۆچی دواییکرد، گۆڕەکەشی لە شاری لەندەنە.

ماتریالیزمی مێژوویی و دیالیکتیکی کە لەلایەن کاڕل مارکس نوسراوەتەوە بووە بنچینەی خەباتی کۆمۆنیستەکان و چەپەکانی جیهان، تا ئێستاش مۆدێرنترین مانیفێستۆیە لە ئاستی گۆی زەویدا.


لە دوو سەد ساڵەی یادی(کاڕل مارکس) دا، خەڵکی شارەکە ئاسوودە بوون بەوەی کە ڕۆڵەیەکی شارەکەیان ناودارترین کەسایەتی جیهانە، بەڵام بۆنەکە لەلایەن شارەوانی و بازرگانانی شارەکە هەڵقۆسترابۆوە وەک دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەی سەرمایە، بۆ نموونە بۆ  چوونە ژوورەوەی مۆزەخانەکان و خانووەکەی مارکس مرۆڤ دەبوایە تکیت بکڕێت، هەروەها وێنەی مارکس لەسەر پەرداخ، تیشێرت، مەدالیا، پێنووس، چەندین شتی جیاواز دەفرۆشران، بێگوومان چوونی ژماریەکی زۆری میوان بۆ شارەکە ئەو ڕۆژە جوولەی بازاڕی شارەکەی زیاتر گەرمکردبوو.


کاڕل مارکس لە(١٨١٨) لەدایکبوو لە(١٨٨٣) کۆچیکرد، ژیان و کارەکانی و سەردەمی مارکس لە مۆزەخانەکانی شارەکەدا لە نێوان ڕۆژانی(05.05) تا(21.10.2018) لە شاری تریر شوێنی لەدایکبوونی لە ئەڵمانیا نمایش دەکرێ.

FPPK

07.05.2018