ئه‌نفال و كاریگه‌ریه‌كانى له‌سه‌ر كوردستان و تاكى كورد

  English    -   Deutsch  -  kurdi   -    كوردی   -   فارسی                                                        

ئه‌نفال و كاریگه‌ریه‌كانى له‌سه‌ر كوردستان و تاكى كورد پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی

نووسینی: نیاز مەحمود


ئه‌نفال وه‌ك چه‌مك زاراوه‌یه‌كى قورئانیه‌بنه‌ڕه‌تێكى عه‌ره‌بیى هه‌یه‌ ئه‌نفال كۆى (نفل) ه‌ به‌ ماناى  ( غه‌نیمه‌ ) واته‌ ده‌ستكه‌وت دێت
,ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى كه‌ له‌ شه‌ڕ به‌ده‌ست ده‌ هاتن به‌ پێى سوره‌تى ئه‌نفال ئایه‌تى (41) له‌ نێوان خۆیاندا دابه‌ش ده‌كرا ,هاتنه‌ خواره‌وه‌ى ئه‌م سوره‌ته‌ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ساڵى دووه‌مى كۆچى دواى جه‌نگى به‌در له‌ ده‌قه‌ قورئانیه‌كه‌دا ئه‌نفال مرۆڤه‌كان ناگرێته‌وه‌ به‌ڵام به‌عسیه‌كان له‌ پرۆسه‌ى ئه‌نفال دا ئامانجیان ته‌نیا مرۆڤ بوو .چونكه‌ میلله‌تى كوردیان به‌ یاخى و دوور له‌ دین دانا بۆیه‌ ئه‌و ناوه‌یان لێ نا ,به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ى ئاینى ئیسلامه‌ چونكه‌ نه‌ته‌وه‌ى كورد له‌ سه‌ره‌تاى هاتنى ئاینى ئیسلامه‌وه‌ باوه‌ڕى ته‌واوى هێناوه‌ و یه‌كێكه‌ له‌و نه‌ته‌وانه‌ى تا ئێستا به‌ پاكى په‌یڕه‌وى ئاینى ئیسلام ده‌كه‌ن ,ئه‌نفال ته‌نها له‌ناوبردنى كۆمه‌ڵى مرۆڤى بێ تاوان نه‌بوو سه‌ره‌ڕاى  له‌ناوبردنیان چه‌ندین سه‌رچاوه‌ى ژیانى  له‌گه‌ڵ خۆیدا كاول كرد و زۆر كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى وئابووىر سیاسى و ده‌روونى له‌ دواى خۆى جێهیشت .

 

گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وىله‌ بنه‌ڕتدا بگه‌ڕینه‌وه‌ سه‌ر ووشه‌ى ئه‌نفال ئه‌وا ده‌بێت بیبه‌سینه‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌نفال و ده‌سه‌ڵات په‌یوه‌ندیه‌كى ڕاسته‌وخۆیان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك ده‌سه‌ڵات هه‌بێت ئه‌وا ئه‌نفالیش هه‌یه‌ مه‌به‌ستم لێره‌ ده‌سه‌ڵاتێكى دیكتاتۆریه‌ . ئه‌و پیلانه‌ دژ به‌ مرۆڤایه‌تیه‌ش به‌ جینۆسایدى گه‌لى كورد كۆتا هات كه‌ تا ئێستاش كورد گیرۆده‌یه‌ پێوه‌ى .

 

تاوانى ئه‌نفال له‌بنچینه‌ دا چه‌ند هۆكارێكى  هه‌بوو واى له‌  ڕژیّمى به‌عسه‌وه‌ نا تا ئه‌نجامى بدات  ئه‌و هۆكارانه‌ش :

– گرنگى جێپۆڵه‌تیكى ئه‌و ناوچانه‌ى تاوانى ئه‌نفالى تیا ئه‌نجام درا هه‌م له‌ ڕووى مرۆى هه‌م له‌ڕووى سروشتی .

– له‌بیرى  ناسیونالیستى عه‌ره‌بی دا كوردیان به‌ مه‌ترسى دانابوو له‌سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب وه‌ ته‌ماشاكردنى كوردوه‌ك كۆسپ و ڕێگر له‌به‌رده‌م یه‌كپارچه‌یى خاكى عێراق ونه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب  .

– به‌رژه‌وه‌ندى ووڵاتانى زلهێز كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ كاتى به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیاوى له‌ شاڵاوى ئه‌نفال دا بگره‌ داكۆكیان له‌ حكومه‌تى عێراق ده‌كرد  وه‌ بێ پشتیوانى  میلله‌تى كورد له‌ هه‌موو قۆناغ وسه‌رده‌مه‌كان یه‌كێك بوه‌ له‌ هۆكاره‌كان .

– ئه‌و ناوچانه‌ى ئه‌نفالى تیا ئه‌نجام درا شوێن وپه‌ناگه‌و داڵده‌ى هێزه‌كان و سه‌ركردایه‌تى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان بوو وه‌ هه‌میشه‌ بڕبڕه‌ى پشتى ژێرخانى ئابوورى كوردستان و شۆڕشه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانى كوردبوه‌ .

– هۆكارێكى تر ڕژێمى به‌عس بۆ ڕێكخستن وهاوسه‌نگى ته‌مه‌ن له‌ نێوان گه‌نجى كوردستان وگه‌نجى ناوه‌ڕاست و باشوور به‌تاوانى ئه‌نفال ئه‌م هاوسه‌نگییه‌ى جێبه‌جێ كرد .

 

ئه‌نجام و كاریگه‌ریه‌كانى  تاوانى ئه‌نفال له‌ سه‌رتاكى كورد

تاوانى ئه‌نفال هه‌رچه‌نده‌ بۆته‌ مێژوو وه‌ ڕۆژگارێكى ڕابردوو به‌ڵام چه‌ندین كاریگه‌رى و ئاسه‌وارى له‌دواى خۆى جێهێشتوه‌          وه‌ بوه‌ته‌ بڕینێكى ساره‌ِێژنه‌كراو وه‌ ئه‌نفال هۆكارێكى سه‌ره‌كى بوو بۆ په‌رته‌وازه‌ بوونى ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ و به‌ هه‌زاران دیارده‌ى ده‌روونى وكۆمه‌ڵایه‌تى له‌ دواى خۆى به‌ جێهێشتوه‌ .وه‌كاریگه‌رى زۆر خراپ و قوڵى له‌ سه‌ر تاكى كورد جێهێشتوه‌ كه‌ تا ئێستاش میلله‌تى كورد ده‌ناڵێنێت پێوه‌ى ,تاوانى ئه‌نفال گه‌وره‌ترین وسامناكترین تاوانه‌ له‌كۆتاییه‌كانى سه‌ده‌ى بیست ده‌رهه‌ق به‌گه‌لى كوردكرا بۆ سڕینه‌وه‌ى وه‌ك نه‌ته‌وه‌ و سیاسه‌تێكى ڕه‌گه‌زپه‌رستى بوو بۆ پاكتاوكردن وله‌ ناوبردن و قڕكردنى  نه‌ته‌وه‌ى  كورد له‌سه‌ر زێدى خۆى ,شێواندنى بارى دیمۆگرافى كوردستان وشێواندنى كه‌سایه‌تى تاكى كورد له‌ ڕووى كه‌لتورى و سایكۆلۆژییه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خاك و نیشتمانه‌كه‌ى . له‌ شاڵاوى ئه‌نفال بنه‌ماكانى ژیان له‌ كوردستان هه‌لته‌كێنران وه‌ به‌م شێوه‌یه‌ نزیكه‌ى (7729) كم دووجا له‌ ڕووبه‌رى هه‌رێمى كوردستان به‌ر شاڵاوى ئه‌نفال كه‌وت وه‌تاكه‌ ئامانجى سڕینه‌وه‌ى گه‌لى كورد بوو  كاریگه‌ریه‌كانیش :

– خاپوركردن و وێران كردنى زیاتر له‌( 4500)گوندى كوردستان .

شوێنبزركردن و له‌ناوبردنى( 200) هه‌زار كورد . –

– مین ڕێژكردنى  ناوچه‌ گوند نیشینه‌كان به‌ 15 ملێون مین

– له‌ پێناو سڕینه‌وه‌ى  شیوازى ژیان له‌وناوچانه‌ ده‌ستیان كردبه‌ به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیایى و سوتاندنى زه‌وى و ژه‌هراوى كردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاو .

– ملیۆنێک و نیو كوردى گونده‌كان بۆ ئوردوگاى زۆره‌ ملێیه‌كان گوێزرانه‌وه‌ به‌مه‌ش بنه‌ماكانى ژیانیان له‌ گونده‌كان گۆڕى له‌ به‌رهه‌م هێنه‌ر بۆ به‌كار به‌ر ئه‌مه‌ش بوه‌ هۆى دابه‌زینى بژێوى دانیشتوان به‌گشتى .

– به‌ له‌ ناوچونى گونده‌كان ژێرخانى ئابوورى كوردستان داته‌پى و له‌ ناوچوو هه‌ر له‌ سوتاندنى زه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌كان و به‌تاڵان بردن و له‌ ناوبردنى ئاژه‌ڵى ئه‌و ناوچانه‌ى تاوانى ئه‌نفالى تیادا ئه‌نجام درا .

– تێكدانى ئاسه‌واره‌ مێژوویه‌كان و ڕووخاندنى مزگه‌وت و په‌رستگاكان و ناوه‌ندى خوێندن و ته‌ندروستی .

– ئەنفال چه‌ندین  دیارده‌ى ناشایسته‌ى به‌دواى خۆیدا هێنا ته‌واو جیاواز بوون له‌ نه‌ریت به‌ها جوانه‌كانى كۆمه‌ڵگاى كوردى سه‌رئه‌نجام بوبه‌ هۆى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى شیرازه‌ى كۆمه‌ڵگا .

 

قۆناغه‌كانى ئه‌نفال :

شاڵاوى ئه‌نفال دوور له‌ هه‌موو به‌ها ئاسمانى ومرۆییه‌كان ده‌رحه‌ق به‌ نه‌ته‌وه‌ى كورد ئه‌نجام درا به‌و هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 182 هه‌وار مرۆڤى كورد كه‌ تاوانیان ته‌نها ئه‌وه‌ بوو كوردن به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ له‌ نێوبران و گوله‌ باران و زینده‌ به‌ چاڵكران وه‌ ئه‌مه‌ش به‌پیلانێكى تۆكمه‌و به‌كارهێنانى تانك و تۆپ وچه‌كى كیمیاوى و به‌ چه‌ند قۆناغێك به‌ڕیوه‌ چوو ئه‌وانیش :

 

قۆناغى یه‌ك (ئه‌نفالى یه‌ك) : له‌ ڕێكه‌وتى 21| 2|1988 بۆ سه‌ر دۆڵى جافایه‌تى هه‌تا 19 | 3| 1988ى خایاند .

قۆناغى دوو (ئه‌نفالى دوو) : له‌ 23 ى 3 | 1988 بۆ سه‌ر ناوچه‌كانى قه‌ره‌داغ و سه‌نگاو كه‌ چه‌كى كیمیاوى تیادا به‌كار هات و تا 7| 4| 1988 به‌رده‌وام بوو .

قۆناغى سێ (ئه‌نفالى سێ) : له‌ ڕێكه‌وتى  7|4|1988 هه‌تا 20|4|1988 به‌رده‌وام بوو بۆ سه‌ر ناوچه‌كانى گه‌رمیان و ده‌وروبه‌رى و كه‌ركوك و قادركه‌ره‌م و داوێ و زه‌نگه‌نه‌ و جه‌بارى و خورماتوو قه‌ره‌ته‌په‌ و كفرى .

قۆناغى چوار (ئه‌نفالى چوار) : له‌ ڕێكه‌وتى 3|5|1988 هه‌تا 11|5|1988 بۆ سه‌ر ناوچه‌كانى ئاغجه‌له‌ر  و چه‌مى  ڕێزان و ده‌شتى كۆیه‌ و قه‌ره‌هه‌نجیر و ته‌ق ته‌ق  تیادا چه‌كى كیمیاوى به‌كار هات وله‌ به‌ره‌به‌یانى 4|5|1988 زێى دوكان به‌ردرایه‌وه‌ تا هاووڵاتى گونده‌كانى  شوان وقه‌ڵاسێوكه‌ و شێخ بزێنى و زه‌رزى نه‌توانن ده‌ربازبن و ڕزگاریان بێت .

قۆناغى پێنج ,شه‌ش ,حه‌وت  : له‌ 15|5|1988 هەتا 1988/5/26ده‌ستى پێكرد و ناوچه‌كانى سنورى عێراق ئێران و بالیسان و شه‌قلاوه‌ و دۆڵى سماقوڵى و خه‌لیفان و حه‌وزى سۆران وه‌ چه‌كى كیمیاوى به‌كار هات .

قۆناغى هه‌شت (ئه‌نفالى هه‌شت) : له‌ ڕێكه‌وتى  25|8|1988 هەتا 1988/9/7ده‌ستى پێكرد و ماوه‌ى مانگێكى خایاند  و ته‌واوى ناوچه‌كانى بادینان و سنورى پاریزگاى دهۆك و موسڵى گرته‌وه‌ و له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌ك چه‌كى كیمیاوى به‌كار هات .

به‌م جۆره‌ پرۆسه‌ى تاوانى ئه‌نفال  له‌ ڕێكه‌وتى22|2|1988 ده‌ستى پێكرد وه‌ له‌ 6|9|1988 كۆتاى هات

FPPK

06.01.2017