کوردستان لەنێوان بەرژەوەندی داگیرکەران و زلهێزەکاندا

  English    -   Deutsch  -  kurdi   -    كوردی   -   فارسی                                                        

کوردستان لەنێوان بەرژەوەندی داگیرکەران و زلهێزەکاندا پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی

نووسینی فوئاد زیندانی

ماوەی مانگێکە ڕەوڕەوەی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر بەخێرایی ئاڕاستەی دەگۆڕدرێ و دوژمنە کۆنەکان

لە چاوتروکانێکدا دەبنەوە دۆستێکی زۆر نزیکی یەکتر، زلهێزەکان لەناکاو هەڵوێستیان بەرامبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان و بەرژەوەندی گەلی کورد پێچەوانە دەبێتەوە، داگیرکەرانی کوردستان دێنە لای یەکتر.

 

دوای کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ڕابردوو لە تورکیا، ڕژێمی ئەردۆغان کەوتۆتە پەلەقاژەوە، لەپێناو دەربازبوون لە کاریگەرییەکانی ئەو کودەتایە، ناوبراو سەنتەری تێکچووە، ستراتیج دەکا بە تاکتیک، تاکتیک دەکات بە شەڕێکی دۆڕاو، بۆیە بەهەموو جۆرێک لەماوەی چەند ڕۆژێکدا بەگرتنەبەری سیاسەتی جۆراوجۆر خۆی تاقیکردەوە!

ڕژێمی ئەرۆغان کە تائێستا سیاسەتی دەستوەردانی سوریای کردبووە سیاسەتی ستراتیجی تورکیا، لەو پێناوەشدا تورکیای کردە وویستگەی سەرەکی کۆکردنەوەی تیرۆریستانی جیهان و ڕەوانەکردنیان بۆ ناو سوریا و بەکارهێنانیان دژ بەگەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، هاوکات بەشێوەیەکی هاوتەریب سوپای تورکیا بەردەوامبوو لە داپڵۆسینی خەڵکی باکوری کوردستان و لەچەندین شار ژمارەیەکی زۆر گەڕەک بەتەواوی خاپورکران و بەهەزاران هاووڵاتی ئاوارەبوون، بەسەدانیش شەهید و برینداربوون.

ئەو سیاسەتەی ڕژێمی پارتی دادوگەشەپێدان، گەلی کوردی ناچارکردووە بەرگری لەخۆی بکات، بۆیە لەباکوری کوردستان میللەت بەشێوەیەکی زۆر قارەمانانە بەرەنگاری سوپای داپڵۆسێنەری تورکیا بۆوە و تائێستاش ئەو بەرەنگاربوونەوەیە بەردەوامە. لەئەنجامی  بەرەنگاربوونەوەی بێوێنەی گەریلاکانی باکوری کوردستان و خۆڕاگری جەماوەری کوردی باکور لەدژی سیاسەتە چەوت و شکستخواردووەکانی سوڵتانی نوێ تورکیا، کودەتا ڕوویدا، بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین کودەتا ئەنجامە !! کودەتاکە تائێستاش لە ڕووی کرداری کۆتایی پێنەهاتووە، چونکە چەندین فڕۆکەی شەڕکەر و هەلیکۆپتەر و کەشتی سەربازی وونبوون، سوپای تورکیا لەناوەڕۆکدا هێشتا دوو بەرەی دژ بەیەکن، تەنانەت باڵی سەربازی کودەتاچیەکانی ناو سوپا هێشتا لەهەندێک شوێن خۆیان ڕاگرتووە، لەو بارودۆخە تەمومژاوییەدا ئەردۆغان ڕویکردە ڕوسیا و سیاسەتی مل دانان و سەرشۆڕکردن و چۆکدانانی بەرامبەر پۆتین پەیڕەکرد و هاوکات لە ڕێگای ڕووسیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و ڕژێمی بەشار ئەسەد (180)پلە گۆڕانکاری بەسەرداهات!!

تورکیا لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە وەک بنکە و قەڵایەکی ناتۆ و بلۆکی سەرمایەداری و سیستەمی ڕۆژئاوا بوو، بەڵام دوای کودەتا ئەردۆغان بەسەرلێشێوای پشت لە ناتۆ دەکاو و ڕوودەکاتە ڕوسیا، بەرەی سعودیە و قەتەڕ جێدەهێڵی و دەچێتە بەرەی ئێران و دیمەشق!! هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو ڕوویدا کە تائێستاش ئەگەری گۆڕانکاری گەورەتر لە ناوچەکە لە ئارادایە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر گەلی کوردستان هەیە. هەموومان دەزانین کاتێک دەرفەتێک بۆ گەلی کورد دەڕەخسێت بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجە نەتەوەییەکانی، ئەوا ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان دێنە لای یەکتر و هەموو کێشەکانیان بەلاوە دەنێن و دژ بەگەلی کورد یەکهەڵوێست دەگرنەبەر و زلهێزەکانیش دەستخۆشیان لێدەکەن!!

زۆر لەمێژە کاتی ئەوە هاتووە گەلی کورد و پارتە سیاسیەکان و دەسەڵاتدارانی کورد ئەو ڕاستیە بزانین، بەهەڵوێستە کاتیەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا و ئەوروپا فێل لەخۆمان نەکەین و هەڵنەخەڵەتێین، هەڵوێستی رووسەکان لەسەردەمی (یەکیەتی سۆڤیەت) کاتێک کۆماری کوردستان لە مەهاباد ڕاگەیەندرا پێوویستە لەبیر نەکرێ، هەروەها کاتێک ڕێبەری پارتی کرێکارنی کوردستان(عەبدوڵا ئۆجەلان) ڕوویکردە  مۆسکۆ پێوویستە هەڵوێستی ناجوامێرانەی ڕووسیا لەو کاتەدا لەبیر نەکەین، بەهەمانشێوە پێوویستە بەهەڵوێستە هەنووکەییەکانی ئەمەریکا فریو نەخۆین، ئەمەریکا لەساڵی (١٩٧٥) کاتێک هێنری کیسینجەر وەزیری دەرەوەی ئەو ووڵاتەبوو مێژوو شاهێدە چ خیانەتێکیان بەرامبەر بە گەلی کورد و بزووتنەی کورد لەباشوری کوردستان کرد، جارێکی تر لەساڵی (١٩٩١) دیتمان چۆن ئەمەریکا ڕێگایدا سوپای ڕژێمی سەدام ڕۆکێتی دوور هاوێژی مەودا(150)کیلۆمەتری بەکاربێنێ ، هەلیکۆپتەر و سوپای عیڕاق هێرشیان کردە سەر باشوری کوردستان قەتلوعامی خەڵکی کوردستانی کرد!!

لەدوای سەرکەوتنەکانی شەڕی کۆبانێ کە بووە داستانێک بۆ تەواوی مرۆڤایەتی ، کاتێک سەرۆکی ئێستای فەڕەنسا پێشوازیکرد لە شاندێکی شەڕڤانانی ڕۆژئاوای کوردستان لە کۆشکی کۆماری ئەو ووڵاتەدا، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا بە شەڕڤانانی گووت ئێوە خەڵکێکی شەڕکەر و ئازان بۆیە حەزدەکەم وێنەتان لەگەڵ بگرم!! ئەگەر مرۆڤ بیر لەو هەڵوێستەی سەرۆکی فەڕەنسا بکاتەوە بۆمان دەردەکەوێ ئەوروپا، ئەمەریکا، ڕووسیا کوردیان تەنیا وەک شەڕکەر دەوێت، ئەگینا لەناوەڕۆکدا هیچیان بۆ کورد لەبەرنامەدانییە، لەبەر ئەوە لەلایەن ئەو زلهێزانەدا هەڵوێست گۆڕین دژ بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لەچاوتروکانێکدا بابەتێکی زۆر سروشتیە، چونکە زلهێزەکان بەرژەوەندی باڵای خۆیان بەلاوە گرنگە لەو چوارچێوەیەشدا برادەری هەمیشەییان ناوێ بەڵکو بەرژەوەندی هەمیشەییان دەوێ!!

ئێمەی کورد نەتەوەیەکی داگیرکراوین، عەقڵمان، خاکمان داگیرکراوە، پێوویستە باش بیربکەینەوە، تاکە ڕێگا کە ئێمە لە کۆمەڵکوژی و لەناوبردن دەپارێزێ، تەنیا یەکڕێزی ناوماڵی کوردە لەئاستی چواربەشی کوردستان. پەیامەکان لە دوای شەڕی شاری (حەسەکە) و دواتر هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر شارۆچکەی جەڕابولس زۆر ئاشکران، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە ئێمە میللەتێکین هەڕەشەی کۆمەڵکوژکردنمان و لەناوچوونمان هەردەم لەئارادایە، بۆیە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی درەنگە زوو نیە! ئێستا ئەگەر لەئاستی چواربەشی کوردستان لەژێر چەتری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ستراتیجیەتێکی سیاسی و سەربازی هابەشمان نەبێت، ئەوا لەهەر چرکەیکدا دوژمنانی کورد ئەگەری هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا و باشور و باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لەبەرنامەدایە!!

ڕژێمی تورکیا بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان، دەستبەرداری هێزە تیرۆریستیەکان نابێت، ئایینی ئیسلام پەردەیەکی زۆر گونجاوە بۆ ڕژێمەکانی تورکیا، سعودیە، قەتەڕ، ئێران، سوریا، عیڕاق بۆ ئەوەی بەناوی ئایین و مەزهەب گەمارۆی گەلی کورد و خاکی کوردستان بدەن، هەریەک لەو ڕژێمانە ئایین و مەزهەبیان کردووە بە ماتریاڵێکی سەرەکی بۆ بەکارهێنانی لەخزمەت نەتەوەی سەردەست و ڕژێمەکانی ووڵاتەکەیان. ئەوەی لێرەدا پێووسیتە ئاماژەی پێبکرێ ئەوەیە تەنیا گەلی کوردە لەناوچەکەدا ئایینی ئیسلامی کردووە بەباوەڕی سەرەکی خۆی، بەڵام نە دەسەڵات و نە پارتە سیاسیەکان و نە باوەڕمەندانی ئایینەکە لەخزمەت دۆزی نەتەوەکەیان ئایینی ئیسلام بەکاری ناهێنن، بەڵکو خزمەتی نەتەوەکانی تورک و عەرەب و فارسی پێدەکەن!!

ئەگەر بەدەر لە بیردکردنەوە ناسیونالیستیەکە بڕوانینە بابەتەکە بۆمان دەردەکەوێ نەتەوەی کورد تاکە نەتەوەیە لەناوچەکە کۆنترین نەتەوەیە لەسەر خاکی خۆی هەزاران ساڵە دەژی، خاوەن ناسنامە و زمان و خاک و کولتور و جوگرافیای خۆیەتی بۆیە دەبینین ڕژێمەکانی تورکیا و ئێران و سوریا و عیڕاق بەهەموو شێوەیەک هەوڵی لەناوبردنی مێژوو، گۆڕینی جوگرافیا، دیمۆگرافیا، کولتور و زمان و ناسنامەی کوردی دەدەن بۆ ئەم مەبەستەش هەموو ڕێگایەکیان تاقیکردەوە، لەبەر ئەوە کاتێک گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان یان لەهەر بەشێکی تری کوردستان دەبێتە خاوەن ستاتۆی سیاسی و لە ئازادی و ڕزگاری نزیکدەبێتەوە، دوژمنان بەتایبەتی ئەو ووڵاتانەی کوردستانیان داگیرکردووە بەپلانی هاوبەش هێرشی سەربازی ئەنجامدەدەن، داگیرکردنی جەرابولس لەلایەن سوپای تورکیا نموونەیەکی بەرچاوە.

هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆ جەرابولس ڕێکەوت نیە، هەروەها شاراوە نیە، ئەمەریکا و رووسیا و ئەوروپا و ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەموو ڕەزامەندبوونە ئەوکات ئەردۆغان ئەو داگیرکارییەی ئەنجامدا. پرسیار ئەوەیە ئایا زلهێزەکان نازانن سوپای تورکیا لەپەنجەرەوە داعش دەرباز دەکا و لە دەرگاوە تاقمەکانی تری تیرۆریستی دێنێتە ناو جەڕابولس؟؟ هەموو زلهێزەکان دەزانن گرووپە تیرۆرستیەکانی داعش، سوڵتان موراد، هتد...ڕاستەوخۆ گرێدراوی تورکیا و ئەردۆغانن، هەروەها گرووپی تیرۆریستی بەرەی نوسڕە (سوپای فەتح)گرێدراوی قەتەڕە، گرووپە تیرۆریستیەکانی وەک سوپای ئیسلام و تەوحید و ... سەربە سعودیەن!!

بلۆکی ناتۆ و ڕۆژئاوا زۆرباش دەزانن ئەوەی لە حەسەکە و دواتر لە جەڕابولس ڕوویدا خیانەتێکی ترە لەلایەن ئەمەریکا و ڕووسیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بەگەلی کورد بەگشتی و گەلێ ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی ئەنجامدەدرێ!!

هەموو ئەوانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد بۆ ئەوە نیە ئێمەی کورد لە بارودۆخێکی وا هەستیاردا ورە بەربدەین، بەڵکو ئەوەی ڕوویدا بەڵگەیە لەسەرئەوەی کە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر مەترسیەکی گەورەدایە، کە ڕۆژئاوا لەمەترسیدابێت بێگومان هەموو بەشەکانی کوردستان لەمەترسیدادەبێت. لە کەشێکی سیاسی و سەربازی بەمشێوەیەدا بە تەنیا هێشتنەوەی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی بکەوێتە ژێر ڕەحمەتی ئاگری ڕژێمەکانی ئەردۆغان و ئەسەد و ئێران و حزبوڵا و تیرۆریستانی داعش و نوسرە و هاوشێوەکانی، خیانەتە، خیانەتە نەک تەنیا بۆ ئەمەریکا و ڕوسیا و ئەوروپا، بەڵکو خیانەتە بۆ ئێمەی کوردیش لەم کاتە ناسکەدا وا پەرتەوازەبین و هیچ شتێکمان لەبەرچاو نەبێت کۆمان بکاتەوە، باشوری کوردستان زۆرجار کەوتووە هەڵساوەتەوە سەرپێ، بەڵام سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستانە تاقیکردنەوەکە لەوێ نوێێە یەکەمجارە کورد لەو بەشەی ووڵات خۆی بەڕێوە دەبات و دەبێتە خاوەن ستاوتۆی سیاسی خۆی، ئەگەر بکەوێ بەئاسانی هەڵناستێیەوە سەرپێ، بۆیە پێوویستە لەئاستی کوردستانی مەزن هەوڵبدەین بەهیچ شێوەیەک نەهێڵین ڕۆژئاوای کوردستان بکەوێ.

کاتێک شاندەکانی باشوری کوردسان لە ئەنقەرە و تاران و ئەوروپا و ئەمەریکا لەئاستی بەرز پێشوازیان لێدەکرێ، نیشانەی ئەوەیە کە پەیوەندیەکی بەهێز لەنێوان دەسەڵاتدارانی هەرێمی باشوری کوردستان و ئەو ووڵاتانەدا هەیە، کەواتە دەسەڵاتدارانی باشور لەنزیکەوە ئاگاداری وردەکاریەکانن دەزانن چی دەگوزەرێ، بۆیە ئەرکێکی ئەخلاقی و مێژوویی گەورەیان لەسەرشانە کە ئەو پەیوەندییانەی هەیانە لەبەرژەوەندی ستراتیجیەتی نەتەوەیی هەڵقۆزنەوە، ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت دەستبەرداری بەرژەوەندی تەسکی حزبی و جەمسەرگیریبن، هەوڵبدەن ئەگەر نەشتوانن خزمەت بەبەرژەوەندی باڵای کوردستان بکەن، بەڵام زیان بەبەرژەوەندی هیچ بەشێکی کوردستان نەگەیەنن. گۆڕانکارییەکان لەچوارچێوەی بەرژوەندییە نێودەوڵەتییەکان دژ بەگەلی کورد زۆر خێران، ڕژێمەکانی داگیرکەری کوردستان بەتایبەتی ڕژێمی ئەردۆغان هەموو ڕیسوابوونێکی قەبوڵکرد بەرامبەر نەیارەکانی تەنیا بۆ ئەوەی هێرشی سەر گەلی کورد بکات و نەهێڵی کورد بگاتە ئامانجەکانی ...

FPPK

29.08.2016