تاوانەکانی حەشدی شەعبی لە دووزخورماتوو

  English    -   Deutsch  -  kurdi   -    كوردی   -   فارسی                                                        

تاوانەکانی حەشدی شەعبی لە دووزخورماتوو پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی

FPPK - دوزخورماتوو

ڕۆژی ٢٠١٥/١١/٢٧ بەمەبەستی لیکۆڵینەوە و بەدواداچوون " فوئاد زیندانی " سەرۆکی ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لە سێدارەدان (ئۆڕتە) بەیاوەری ستافی ڕادیۆ و تیڤی حکومەتی ناوەندی ئەڵمانیا سەردانی شاری (دوزخورماتوو)یکرد .

لەسەردانەکەدا بەمەبەستی گەیشتن بە ڕاستیەکان و بەدواداچوونی ڕوووداوەکانی هەفتەکانی ڕابردوو ، چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتی شارەکە لە پێکهاتە جیاوازەکان ئەنجامدرا . لە دیدار و بەدواداچوونەکاندا دەرکەوت کە :

تورکمانە شیعەکان بە پشتگیری هێزەکانی حەشدی شەعبی کە گرێدراوی ڕژێمی ئێرانە و بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی دەزگای ئیتڵاعاتی ڕژێمی ئێران ، هاووڵاتیانی کوردی شارەکەیان لە سەنتەری شارەکە ، واتە سەنتەری بازاڕ دەرکردووە ، دوکان و شوێنی کارکردنیان لە کوردەکانی شارەکە لەو سەنتەرە قەدەغە کردووە ، کوردەکان ناتوانن بێنەوە ناو بازاڕ دوکانەکانیان بکەنەوە ، ژمارەیەکی زۆر دوکانی کوردەکان سوتێندراون ئەوەی نەسوتێندرابێ ئەوا داخراوە و بە بۆیە پیتی (ئێکس) ی ئینگلیزیان لەسەر نووسیوە ئەوەش بە ووتەی هاووڵاتیان واتای ئەوە دەدات کە ئەو دوکانە خاوەنەکەی کوردە و تاڵانکردنی ئاساییە ، بەگشتی کورد ئەگەر خاوەن دوکان بێت یا خاوەنکار بێ یا سەوزە فرۆش بێ یا کرێکار بێ ، بۆی نیە لە ناوەندی بازاڕ کار بکات . سەوزە فرۆشەکان بەرهەمەکانیان لەنزیک بازگەی قەراخی شارەکە داناوە بۆ فرۆشتن ، ئەوەش دوورە بۆ هاووڵاتیان بەو هۆیەوە بازاڕیان نیە ، داهاتی ڕۆژانەیان نەماوە .

گەڕەکی ناو بازاڕ هەمووی بە ئاڵای باوەڕمەندانی شیعە بە ڕەنگە جیاوازەکانی رەش و سور و کەسک یا بە وێنەی ئیمام عەلی و نووسینی یا حسێن داپۆشراوە ، دیمەنی شارەکە زۆر ناشیرینکراوە .

چەند هاووڵاتیەکی کورد ڕایانگەیاند کە شاری دوزخورماتوو شارێکی کوردیە ، بەڵام ڕژێمی ئێران لە ڕێگای حەشدی شەعبی و تورکمانی شیعە دەیانەوێ کوردەکان دەربکەن و ناچاریان بکەن شارەکە جێبهێڵن و بیکەن بە شارێکی تورکمانی شیعە مەزهەب . سەبارەت بە کێشەکانی ڕۆژانی ڕابردوو هاووڵاتیان ڕایانگەیاند : شەڕ و پێکدادانی چەکداری ڕۆژی ١٢ و ١٣ ی ئەم مانگە لەنێوان هاووڵاتیانی شارەکە و چەکدارانی حەشدی شەعبی ڕوویدابوو ، بەو هۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی کورد شەهیدبوون و ژمارەیەکیش حەشدی شەعبی کوژران . بەپێێ لێدوانی هاووڵاتیانی کوردی شارەکە چەکدارانی حەشدی شەعبی دکتۆرێکی نەخۆشخانەی شارەکەیان شەهید کردوە تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بووە ، ئەو دکتۆرە زیاتر لە (٢٥) ساڵە خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی ئەو شارەی کردووە . هەروەها بە پاڵپشتی چەکدارانی حەشدی شەعبی تورکمانە شیعەکان دەیان دوکان و باڵەخانە و خانووی کوردەکانیان تاڵانکردووە دواتر ئاگریان تێبەرداوە ، لەسەر دیوارەکان بە بۆیە بەزمانی عەرەبی لەهەندێک شوێن نوسراوە کورد بارکە بڕۆ .

لەناوچەی پیشەسازی شاری دوزخورماتوو کوردانی شارەکە وەک کاردانەوەیەک لەدژی کردارەکانی حەشدی شەعبی و تورکمانە شیعەکان ئەوانیش چەند دوکانێکی تورکمانە شیعە مەزهەبەکانیان سوتاندووە بە بۆیە لەدژی تورکمانە شیعەکان هەندێک شتیان نووسیوە .

لەسەردانەکەدا زیندانی و ستافی ئەڵمانی هەوڵیاندا لەگەڵ هاووڵاتیانی عەرەب و تورکمان لەسەر ڕووداوەکە قسەبکەن ، بەگشتی تورکمانەکان ئامادەنەبوون لێدوان بدەن دەترسان ، تەنیا یەک تورکمانی شیعە ئامادەبوو لێدوان بدا کە خۆی خاوەن دوکان بوو ، لە لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند کە کورد هۆکاری کێشەکانن و شارەکە شاری کوردان نیە و پێوویستە حکومەتی ناوەندی شارەکە بەڕێوەببات و پۆلیس و سوپای حکومەتی ناوەندی لێرە بێت و پێشمەرگە شارەکە جێبهێڵن باشترە . لەسەر هەمان بابەت هاووڵاتیەکی عەرەبی سوننە مەزهەب ڕایگەیاند : ئێمە هەموومان عیڕاقین ئەو کێشەیە دروستکراوە ئێمە هەموومان برای یەکترین لەمێژە پێکەوە دەژین .

هەر لە دوزخورماتوو زیندانی و ستافی ڕادیۆ و تیڤی ئەڵمانی هەوڵیاندا بەهەر چۆنێک بێت بتوانن چەند کەسێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی ببینن ، بۆ ئەم مەبەستە لەڕێگای کەسێکی تورکمانی شیعە بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە کۆڵانێک بوو چوون لێدوانیان لەسەر دۆخەکە لێوەربگرن و ڕاوبۆچوونی ئەوان لەسەر دۆخەکە بزانن ، بەڵام کە چوونە ژوورەوە پەشیمان بوونەوە ، کەسانێکی چەکداری لێبوو جلی سەربازیان لەبەربوو هەندێکیان هەمان لۆگۆی هێزێکی ئێرانیان لەسەر قۆڵی ڕاستیان بەدیدەکرا ، کە داواکرا لێدوان لەسەر بارودۆخەکە بدەن ، سەرەتا ئامادەنەبوون دواتر گوتیان دەبێت سەرووی خۆمان ئاگاداربکەینەوە ، دوای پەیوەندیکردنی تەلەفۆنی دواتر ڕایانگەیاند ئامادەنین هیچ لێدوانێک بدەن .

شایانی باسە هەر لە شاری کەرکوکەوە هەڵواسینی ئاڵاکانی باوەڕمەندانی شیعە هەندێک ڕێگاوبان و پردەکانی کەرکوکی ناشیرینکردووە ، گەلی کورد کەوتۆتە نێوان بەرداشی داعش و عەرەبی سوننە مەزهەب لەلایەک و حەشدی شەعبی و باوەڕمەندانی شیعە لەلایەکی تر ، بەڵام هەردوو مەزهەب کورد بە ئیسلام دانانێن ، بەڵکو لە ڕوانگەی ناسیونالیستی و شۆڤینی کاردەکەن لەسەر بەعەرەبکردنی شارە کوردییەکان و هاوکات هەوڵ دەدەن کەمینەی تورکمانی بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و دژی کورد بەکاری بهێنن . بارودۆخەکە بەگشتی بەشێوەیەکی کاتی ئارام بۆتەوە ، بەڵام ئەگەری دووبارە تەقینەوەی کێشەکان هەموو چرکەیەک لە ئارادایە .

FPPK

27.11.2015