بارودۆخی کوردانی ئێزیدی لە کەمپی باجید گەندالا

  English    -   Deutsch  -  kurdi   -    كوردی   -   فارسی                                                        

بارودۆخی کوردانی ئێزیدی لە کەمپی باجید گەندالا پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی

ئا : فوئاد زیندانی

پێنچشەممە ٢٠١٥/٦/٤ ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لە سێدارەدان (ئۆڕتە) ، سەردانی کەمپی (باجید گەندالا) ی سەر بەپارێزگای دهۆک کرد .

کەمپەکە لە دووبەش پێكدێت باجید یەک و باجید دوو ، دانیشتوانی کەمپەکە هەرهەمووی کوردی باوەڕمەندی ئیزیدین ، دوای ئەوەی ڕێکخراوی ئیسلامی تیرۆریست (داعش) مانگی (ئاب – ئەوگوست) ی ساڵی ڕابردوو هێرشی کردە سەر شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردانی باوەڕمەندی ئێزیدی و بەهەزاران ژن و منداڵی ڕفاند و لەبازاڕەکانی ئیسلامی و عەرەبی فرۆشتی و بەسەدان کەسی کۆمەڵکوژ کرد و بەدەیان هەزاریش بەو هۆیەوە دەربەدەر بوون و تائێستاش بەهەزاران خێزان لە کەمپەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان لە ژێر چادر دەژین .

ڕێکخراوی ئۆڕتە ساڵی ڕابردوو سەردانی کەمپی (باجید گەندالا)ی کرد ، لەو کاتەدا خەڵکەکە بێ جێگابوون و تەنانەت چادریشیان نەبوو ، ئاو ، توالێت ، شوێنی خۆشتن نەبوو ، دوای ساڵێک پێنچشەممە ٢٠١٥/٦/٤ ڕێکخراوی ئۆڕتە دووبارە سەردانی کەمپەکەی کرد ، لەم سەردانەدا جیاوازیەکی زۆر گەورە سەبارەت بە ژیانی خەڵکەکە بەدیکرا ، هەموو خێزانێک چادرێکی هەیە لەناوی دەژی ، توالێت ، شوێنی خۆشتن ، شوێنی چێشتلێنان ، ئاوی پاک بۆ خواردنەوە ، کردنەوەی شوێنی منداڵان و قوتابخانە ، هێڵی کارەبا (ئەلەکتریک) ، نەخۆشخانە و هتد ...هەموو دانیشتوانی کەمپەکە لێێ سوودمەندن .

ئۆڕتە سەردانی کابینەی ( گۆڕەپانی هاوڕێ بۆ منداڵان ) ی ناو کەمپی (باجید 1) ی کرد و لەنزیکەوە چاوی بە بەڕێوەبەر و مامۆستای ئەو شوێنە کەوت کە ئەرکی (فەرمانبەری پاراستنی منداڵان) یان هەیە و دەربارەی منداڵانی بەشداربوو چەند پرسیارێکی کرد .

بەڕێوەبەرەکە ڕایگەیاند : بەردەوام (٣٠٠) منداڵ ڕۆژانە لێرەن و کاتەکانی دەوام لێرە بەپێێ تەمەنی منداڵەکان دابەشکراون ، بۆیە چوار کات دیارکراوە بۆ تەمەنە جیاوازەکان . کاتی دەوام و دابەشکردنی منداڵان بەپێێ تەمەن بەمشێوەیە :

کاتژمێر ٩ تا ١٠:٣٠ بۆ منداڵانی تەمەن ٤ تا ٧ ساڵ

کاتژمێر (١٠:٣٠ تا ١٢) بۆ منداڵانی تەمەن ٧ تا ١٠ ساڵ

کاتژمێر (١٣ تا ١٤:٣٠ ) بۆ منداڵانی تەمەن ١٠ تا ١١ ساڵ

کاتژمێرەکانی کۆتایی بۆ منداڵانی تەمەن (١١ ) ساڵ بەسەرەوە تا دەگاتە (١٧) ساڵ لەهەردوو ڕەگەز .

سەبارەت بە باری دەروونی منداڵەکان بەرێوەبەرەکە بەمشێوەیە شیکردنەوەیکرد : سەرەتا منداڵەکان لەڕووی دەروونیەوە کاریگەری هێرشەکانی (داعش) یان تا ڕادەیەک پێوەدیاربوو ، بەحوکمی ئەو بارودۆخەی لەئەنجامی هێرشەکانی داعش بەسەریاندا هاتووە ، منداڵانی تا ڕادەیەک خەفەتبارکردبوو ، بەڵام دوای ئەوەی ئەو شوێنە بۆ منداڵان کرایەوە ، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ منداڵان زیاتر دێن و بەشدار دەبن ، ئێمەش لێرە فێری جۆرەها یاری ، گۆرانی ، مۆسیقا ، هەڵپەڕکێ ، وێنەکردن ، خوێندنەوە ، پاک و خاوێنی و شێوازی هەڵسوکەوتی باشیان دەکەین ، سەرباری هەموو زەحمەتیەکان توانیمان باری دەروونیان ڕۆژ دوای ڕۆژ باشتر بکەین و زەردەخەنە بگێڕینەوە سەر لێوی منداڵەکان . دوو ڕۆژ لەمەوبەر منداڵیک نەدەهاتە ژوورەوە بەشداری یاری بکات لەبەر دەرگا بەتەنیا دەوەستا ، دوای ئەوەی لەگەڵ باوک و دایکی قسەمانکرد ، بۆمان دەرکەوت ئەو منداڵە کاتێک داعش هێرشی ناوچەکەیانی کردووە ، ئەو منداڵە بەچاوی خۆی داعشی دیووە ، بۆیە تا ئێستاش کاریگەری لەسەر ئەمنداڵە ماوە ، بەڵام بەهەوڵ و ماندووبوونی خۆمان لە کۆتاییدا توانیمان وای لێبکەین لەبیری بچێتەوە و ئێستا بەشێوەیەکی ئاسای لەگەڵ منداڵەکانی تر بەشداری یاری و گۆرانی دەکات . لێرە دکتۆری دەروونی هەیە ئەگەر پێوویست بکات منداڵان دەبەین بۆ لای دکتۆری دەروونی .

شایانی باسە ژمارەی دانیشتوانی کەمپی باجیدگەندالا بەمشێوەیە :

باجید یەک (٦٥٣٧) کەس کە دەکاتە هەزار و پەنجا و یەک خێزان

باجید دوو نزیکەی (١٣٠٠٠) کەس کە دەکاتە دوو هەزار و پەنجا و نۆ خێزان

تێبینی : داتاکان تایبەتە بە ڕێکخراوی ئۆڕتە

FPPK

04.06.2015