26 ساڵە هەڵەبجە هەناسەکانی پڕ خەمن

  English    -   Deutsch  -  kurdi   -    كوردی   -   فارسی                                                        

26 ساڵە هەڵەبجە هەناسەکانی پڕ خەمن پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی

نووسینی : هیوا سه‌رهه‌نگ / هۆڵه‌ندا

26 ساڵه‌ هاوار و قیژه‌کان تیژ تیژ دێن و تێده‌په‌ڕن ..

26 ساڵه‌ هه‌ناسه‌کان، یه‌کتر ده‌ناسنه‌وه‌ و ده‌بنه‌وه‌ به‌ برین،

 

ئه‌وێ رۆژێ گوێ که‌ڕ بوو .. زمان لاڵ بوو .. چاو نابینا و دڵ بەرد بوو ..

ئه‌وێ رۆژێ مرۆڤایه‌تی له‌ سێبه‌رێکی خه‌و قورسدا، مانیفێستی جیهانی مرۆڤایه‌تی ده‌کرده‌ سفره‌ و خوان و به‌رژه‌وه‌ندی چڵێسانی پێ ده‌ڕازانده‌وه‌.

26 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کۆللاره‌ وه‌ک خۆی له‌نگه‌ری به‌ حه‌زی نێو چاوه‌ تیژه‌کانی منداڵان ده‌گرت ..

زیقه‌ و زایه‌ڵه و پێکه‌نین له‌ ده‌م یاری و راکه‌ڕاکه‌ی کیژان و کوڕان .. ره‌نگاڵه‌یه‌ک پۆپه‌شمینی ده‌شتی شاره‌زوور بوو ..

مزگه‌وتی پاشا هەر خۆی خۆی بوو، پڕ لە بانگ و لە نوێژ و لە پیاو چاک و لە چیرۆک و لە شیعر بوو ..

کانی عاشقان مێژووی خۆی دوووباره‌ و دەباره‌ ده‌کرده‌وه‌.

هه‌ڵه‌بجه‌، شار بوو .. میژوو بوو .. بێ ترس دڵنیا بوو له‌ خۆڕازاندنه‌وی بۆ به‌هارێکی پڕ گوڵزاری بۆنخۆش .. بێگومان بوون، ترۆپکی شاخه‌کان، ته‌وێڵه‌، بیاره‌، ئه‌حمه‌داوا، هاوار و زەمەقی و هه‌موو ده‌شتی شاره‌زوور بۆ پێشوازیکردن و به‌خێر هاتنی به‌هار‌ و پیرۆزکردنی یه‌که‌م رۆژی ساڵی کوردی، سه‌رقاڵی کردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆزێک بوون که‌ جارێکی تر پێناسه‌ تایبه‌ته‌که‌ی کورد پیشانی کشت و که‌نار و هه‌موو جیهان بده‌نه‌وه‌ و بەدەم شایی و هەڵپەرکێوە:

( ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە .. جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە ) بڵێنه‌وه‌.

شنروێ دەیویست گوێ لە گۆرانییەکانی بەهار بگرێت، خوازیار نەبوو تراژیدیایه‌ک بووکی بەهارەکەی بژاکێنێ ..

سیروان نه‌یده‌ویست خۆی خڵتانی خوێن و ژه‌هرکات و بوار بۆ کۆچی ته‌نیا ماسییه‌ک نه‌هێڵێته‌وه ‌.. ئاسمان نەیدەویست باڵندەکانی بخاتە خوارەوە، ئەمانە هیچیان ویستی هەڵەبجە و کەلتوری سروشتەکەی نەبوون.

26 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هێشتا وه‌ک ئه‌مڕۆ دیمه‌نه‌کان پیشانگای خه‌م و خه‌ونه‌ ئاڵۆزه‌کانن.

26 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک، دیکتاتۆرێک، له‌ نێو حه‌ز و رقی خۆیدا، شارێک، مێرگێکی سەوزی بەهەشتی، هه‌زاران ده‌نگ و یاری منداڵان، بۆ هه‌وه‌سی تاقیگه‌یه‌ک، وه‌ک وانه‌یه‌ک بڕیاریدا له‌ نه‌خشه‌ و له‌ نێو لیستی شاره‌کاندا له‌ناوببرێ و بیسڕێته‌وه‌.

26 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر فڕۆکه‌کان بێ وێنه‌ بوون .. تۆقێنه‌ربوون، ناپاڵم بۆمبی بچووکی عەقڵیەتی گه‌ورەکانیان بوو .. هه‌وریان هێناو .. بارانیان هێنا و ژه‌هریان کرده‌ دووکه‌ڵێکی موتربه‌کراو به‌ میوه‌، به‌ بۆنی خۆش ..

( موختار جاف ) پێنووسی شیعرەکەی فرێ داو ویستی هەموو فرۆکەکان بارەکانیان لە سنگی ئەمدا بەتاڵ کەن ..

( عادیلە خانم )، ( عومه‌ری خاوه‌ر )ی راسپارد کۆرپه‌له‌که رزگار بکات، بۆ خۆی که‌وت و حه‌وت ته‌به‌قه‌ی ئاسمان و عه‌رشی هه‌موو زلهێزانی هێنایە لەرزە، که‌چی ده‌نگێ، ره‌نگێ، نه‌بووه‌ هه‌ڵوێست له‌ روخساری ده‌وڵه‌تیكا.

له‌ چه‌ند چرکه‌یه‌کی مه‌رگهێنا 5000 هه‌زار په‌پووله‌ی رۆح و جه‌سته‌ به‌ خوێن به‌ ئاسماندا    هه‌ڵفڕین و بوونه‌ تاجێکی شاهانه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ .. ده‌ هه‌زار ژن و پیاو و منداڵانی به‌ش مه‌ینه‌ت تاکو ئێستاش لێیان ده‌مرێ و ده‌بنه‌ شه‌هید.

هەڵەبجە هه‌زاران ئاخی تیا سه‌ربڕا .. هه‌زاران ئاواتی خنکێنران، هه‌زاران ساوا بە فریای دوا مژ  له مه‌مکی دایکیان نەکەوتن، هەزاران باڵندە فڕینەکانیان تەواو نەکرد، باخچه‌ی   گوڵان‌ و دارستان و بێستان و ره‌ز و ته‌واوی شیناوه‌ردی ئه‌و هه‌ڵه‌بجه‌ قه‌شه‌نگه‌ی بووکی شاره‌زوور و خێڵه‌کانی  جافایه‌تی و بنکە و مەڵبەندی ئەدەب و رۆشنبیری و بارگەی شۆرش و  کوردایەتی، هەموو هەر هەموو بوونە ژێر هەرەشه‌ی مەرگەساتێکی بێ وێنەوە.

ئه‌وه‌ کاره‌ساتی ده‌گمه‌نی مێژووی زوڵم و زۆردارییه‌ که‌ دووباره‌ بۆته‌وه‌ و له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌می مرۆڤایه‌تیدا شارێکی وه‌ک هه‌ڵه‌بجه‌ کیمیاباران بکرێت.

هه‌ڵه‌بجه‌ بۆته‌ ئاخ، بۆته‌ خه‌م، هه‌ڵه‌بجه‌ برینداره‌ چی بۆ بکرێت هێشتا هه‌ر پڕ ئازاره‌.

دیاره‌ چیرۆکه‌ پڕ تراژیدیا‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ زۆرن و دیمه‌نه‌ له‌ یاد نه‌چووه‌کانی له‌ ویژدانی هه‌موو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستاندا ماونه‌ته‌وه‌.

ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it

FPPK

20.03.2014